"شەبەحە بێزاركەرەكەی ھەولێر دەستی بەسەر داگیرا"
ھاتووچۆی ھەولێر زانیاری لەبارەی سەرپێچییەكانی ئاشكرا دەكات
K24 - ھەولێر
ھاتووچۆی ھەولێر رایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلەی بە "شەبەحە" ناسرابوو، خەڵكی بێزار دەكرد لە عینكاوە دەستی بەسەردا گیرا و 7 جۆر سەرپێچی كردووە.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی ھاتووچۆی ھەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد "لە دوای هەوڵ و گەڕانێکی زۆری کەرتی عینکاوەی هاتووچۆی هەولێر، شەوی رابردوو لە گەڕەکی 108عینکاوە فۆرد مۆستانگی رەش کە ناسراوە بە شەبەح دەستی بەسەر دا گیرا".
ئاماژەی بەوەشكردووە "ئۆتۆمبێلەكە بە دەست گەنجێکەوە بوو، کە بووبووە مایەی بێزارکردنی خەڵک بە دەنگە بەرزەکەی و کارە نایاساییەکانی و لەکاتی لێکۆڵینەوە دەرکەوت كە 7 جۆر سەرپێچی بەیەکەوە کردووە".
وتەبێژی ھاتووچۆی ھەولێر، روونیكردەوە، سەرپێچییەكانی شوفێرەكە بێ مۆڵەتی بووە و دەستكاری تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەی كردووە و شاردویەتییەوە، ھەروەھا بەردەوام لە كامێراكانی چاودێری داوە، و كۆمەڵێك سەرپێچی دیكەشی كردووە.


