ئاکپارتی: ئەو کەسانەی دەیانەوێت پرۆسەی ئاشتی دوابخەن خزمەت بە ئیسرائیل دەکەن

گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان ئاماژە بەوە دەکات، پرۆسەی ئاشتی بووەتە سیاسەتی دەوڵەت و کاتێک توند و تیژی و شەڕ لە تورکیا نەما، کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت.

عەمەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2025، ڕایگەیاند: ئەم پرۆسەیە لە کاتێکی گونجاودا بۆ تورکیا و ناوچەکە هاتووەتە ئاراوە و لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکانە، ئەوانەی دەیانەوێت کورد و تورک، عەلەوی سوننە، ئێزیدی و دروز لە دژی یەکتر هان بدەن، دوژمنی هەموو لایەنەکانن.

 هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هەموو ئەو کەس و لایەنانەی دەیانەوێت پرۆسەکە دوابخەن یان ئاستەنگیان بۆ دروست بکەن، خزمەت بە ئیسرائیل دەکەن. ئێمە  براین و چارەنووسمان یەکە.

 گوتەبێژی ئاک پارتی، گوتی: ئەوانەی دەیانەوێت سوریا لەناوببەن، بەڵێنی ئۆتۆنۆمی بە حزبە ئایینی و ناسیۆنالیستەکان دەدەن، ئەوان دۆستی ئەو حزبانە نین و هیچ چاکەیەکیان لەگەڵ ناکەن.

دەربارەی پرۆسەی ئاشتی، عومەر چەلیک باسی لەوە کرد، پرۆسەکە بووەتە سیاسەتی دەوڵەت ، کاتێک توندوتیژی و شەڕ لە تورکیا وەستا، کاریگەری لەسەر ناوچەکە دەبێت و کۆتایی بە شەڕ و توندوتیژی دێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند: لە بارەی دۆخی سووریا و داهاتووی ئەو وڵاتە، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە دەیانەوێت خۆشگوزەرانی و ئاشتییەکی هەمیشەیی لە سووریا بەدیبێت، دەشڵێت: نا ئارامییەکانی سووریا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تورکیاش دەبێت، بۆیە چاو لە ئاستی ئەو کەسانە داناخەین کە هەوڵی ئاژاوە و پشێوی نانەوە لە سووریا دەدەن، چونکە دەمانەوێت سووریا، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، یەکگرتوو بێت و بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment