بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) لە سلێمانی کێشەی بۆ مووچەخۆران دروستکردووە
سەرەڕای بانگەشەی ئەوا دەکرێت کە بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) یەکێکە لە باشترین بانکەکانی عێراق، لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن داوایان دەکرد فەرمانبەران لەو بانکە عێراقییە هەژمار بکەنەوە، بەڵام لە شاری سلێمانی نەیتوانیوە کێشەکانی دابەشکردنی مووچە چارەسەر بکات، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵخی و ناڕەزایەتییەکی زۆر لەنێو مووچەخۆراندا.
بەهۆی متمانەی هاووڵاتییان بەوەی کە بانکێکی حکومیی عێراقییە، ژمارەیەکی زۆر لە مووچەخۆرانی سلێمانی هەژماری بانکییان لە لقی سلێمانی TBI کردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە، سیستەمە لاوازەکەی بانکەکە و کێشە تەکنیکییەکان بوونەتە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتییان.
زانکۆ سەردار یەکێک لە مووچەخۆران بە کوردستان24ی گوت: "ئەم بانکە سەر بە حکوومەتی عێراقە، خەڵک پێی وا بوو ئەم بانکە متمانەی زیاترە و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش هاووڵاتییان دەکات، بەڵام بەداخەوە ئەم بانکە کە ئێستا دەیبینین یەکێکە لە "فاشیلترین" بانکەکان، چونکە تاوەکوو ئێستا کەس لە سلێمانی لەو بانکە مووچەکەی وەرنەگرتووە."
هەروەها بتوێن هیدایەت، فەرمانبەر باسی لەوە کرد، "چوار جار لە چەمچەماڵەوە هاتوومەتەوە سلێمانی، تاوەکوو ئێستا مووچەکەم وەرنەگرتووە." هاوکات مووچەخۆرێکی دیکە ئاماژەی دا، لە کەرکووک لە ناحیەی لەیلانەوە هاتووین، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمن ئەم ئاستەنگەیان دروست کردووە.
مووچەخۆرێکی دیکە باس لەوە دەکات، "نۆرەمان گرتبوو بە هەزار حاڵ چووینە ژوورەوە. کە چووینە ژوورەوە، گوتیان ئامێری ئەکتیڤکردن وەستاوە."
هەروەها بەشێک لە فەرمانبەران کە مووچەکانیان لە بانکی TBIیە، لە بانکێکی دیکەوە مووچەکانیان وەرگرتووە، عموولەیەکی زۆریان لێ وەرگیراوە.
زۆربەی ئامێرەکانی پارە ڕاکێشان لەکارکەوتوون یان پارەیان تێدا نییە، ئەمەش وای کردووە هاووڵاتییان بۆ چەندین کاتژمێر لەناو قەرەباڵخیدا چاوەڕێ بکەن. پرۆسەی چالاککردنی کارت و وەرگرتنی مووچە لەناو بانکەکەدا زۆر خاوە و پێویستی بە چاوەڕوانییەکی زۆر هەیە. هەروەها زۆر جار بانکەکە پارەی پێویستی بۆ دابەشکردن نییە، کە ئەمەش ناڕەزایەتیی زیاتری لێکەوتووەتەوە.
هاووڵاتییان داوا دەکەن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە زووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن و ڕێکارەکان ئاسان بکەنەوە، چونکە ئەم دۆخە بووەتە بارگرانییەکی زۆر لەسەر ژیانیان.