ترەمپ کۆتا هۆشداری بە حەماس دەدات

سەرۆکی ئەمەریکا لە نوێترین پەیامی لەبارەی غەززە، هۆشدارییەکی توند دەداتە حەماس ئاماژەی داوە، بە ئاگربەست ڕازی بن، ئەگەر نا دەرەنجامی خراپ دەبێت.

یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی لەبارەی غەززە بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، "هەموو کەسێک دەیانەوێت ئەو شەڕی غەززە کۆتایی بهێت و بارمتەکان بگەڕێنرێنەوە، بۆیە ئێستا کاتییەتی کە دەبێت حەماس بە ئاگربەست و مەرجەکانم ڕازی بێت، چونکە ئیسرائیل بە هەموو مەرجەکانم ڕازیبووە.

ترەمپ هۆشداریشی دا حەماس و نووسیویەتی: بە حەماسم ڕاگەیاندبووە دەرەنجامەکانی قبووڵ نەکردنی ئاگربەست چەند خراپ دەبێت. لە کۆتاییدا سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەمە کۆتا ئاگاداری بۆ حەماس و دەبێت.

دووشەممە، 18ـی ئابی 2025، میدیاکان لەسەر زاری سەرچاوەیەکی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی بڵاویان کردبووە، شاندی دانوستانکاری ئەو بزووتنەوەیە، ڕازیبوونی خۆی بە پرۆژە پێشنیازی ئاگربەستی شەست ڕۆژەی غەززە بە نێوەندگیرەکان گەیاندووە.

پێشنیازە نوێیەک وەساتاندنی کاتی چالاکییە سەربازییەکان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و حەماس بۆ ماوەی شەست ڕۆژ لە خۆ دەگرێت، هاوکات نەخشەڕێگەیەک دەبێت بۆ ئاگربەستێکی گشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕ.

ئەو پێشنیازە نوێیەی حەماس پێی ڕازی بووە، پشت بە بیرۆکەیەکی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت کە پێشنیازی ئاگربەستێکی شەست ڕۆژی و ئازادکردنی بارمتەکانی بە دوو کاروان کردووە.

بەڵام ئیسرائیل داوای کردووە کە حەماس هەموو بارمتەکان بە یەکجار ئازاد بکات، چەک دابنێت و دەستبەرداری کۆنترۆڵی غەززە بێت، لەگەڵ چەند مەرجێکی دیکەدا.

ڕۆژی هەینی 8ی ئابی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، ئەنجوومەنی ئاسایش، پێشنیازی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە پەسەند کرد.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment