نەزاکەت حوسێن: گرژییە سیاسییەکان ناوبانگی هەرێمی کوردستان لەکەدار دەکەن

"ململانێ سیاسییەکان سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە"

نەزاکەت حوسێن، پسپۆری بواری ڕاگەیاندن
نەزاکەت حوسێن، پسپۆری بواری ڕاگەیاندن

پسپۆرێکی بواری ڕاگەیاندن هۆشداری دەدات لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی هێرش و هەڵکوتانە سەر ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕایدەگەیەنێت، ئەم کردەوانە زیانێکی گەورە بە کۆی گشتیی پرۆسەی سیاسی، ئازادی، سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ دەگەیەنن.

یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، نەزاکەت حوسێن، پسپۆری بواری ڕاگەیاندن، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا گوتی: هێرشکردنە سەر دەزگا ڕاگەیاندن و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کاریگەریی نەرێنی لەسەر کۆی گشتیی پرۆسەی ئازادی لە هەرێمی کوردستان و مافی مرۆڤ دەبێت.

ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەم بارودۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ نەک تەنیا لەنێو هاووڵاتییاندا، بەڵکو لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، گەشتیاران و ئەو کەسانەشەوە کە دەیانەوێت سوود لە ئارامیی و ئەزموونی هەرێم وەربگرن.

ئەو پسپۆرەی بواری ڕاگەیاندن، ڕەخنەی لەوە گرت کە لە کاتی ململانێ سیاسییەکانی نێوان لایەنەکاندا، چالاکیی مەدەنی، مرۆیی و ڕۆژنامەوانی دەخرێنە ژێر مەترسییەوە. گوتیشی: "ناکرێت لە ئەنجامی گرژییەکی سیاسیی نێوان دوو گرووپ، هەموو بوارەکانی تر بخەیتە ژێر مەترسییەوە، چونکە ئەمە پێچەوانەی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانە."

نەزاکەت حوسێن باسی لەوە کرد، کە ژینگەی ئارام و سەقامگیری هەرێمی کوردستان یەکێک بووە لە خاڵە بەهێزەکانی، بەڵام "بەداخەوە ئەم گرژییە سیاسیانە کە پەل دەهاوێت بۆ ترساندن و تۆقاندن، دەبێتە هۆی لەکەدارکردنی ئازادی و باوەڕی هەرێم بە مافی مرۆڤ."

سەبارەت بە کاریگەریی ئەم بارودۆخە لەسەر ئامادەیی ڕێکخراو و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، نەزاکەت حوسێن ڕایگەیاند: هەر ناوچەیەک گرژیی سیاسی و نائارامی تێدابێت، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وەبەرهێنەران لێی دوور دەکەونەوە، چونکە ئەوان گیانی خۆیان ناخەنە مەترسییەوە."

بۆ نموونە، ئاماژەی بە دۆخی پارێزگای سلێمانی لە ساڵانی ڕابردوودا دا و گوتی: "گرژی و ململانێیەکانی ئەم ناوچەیە کاریگەریی هەبووە لەسەر پووکانەوەی گەشەی چالاکیی مەدەنی، ئابووری و وەبەرهێنان، تەنانەت وەبەرهێنانی ناوخۆیش، چونکە خەڵک ناتوانێت لە شوێنێک سەرمایەگوزاری بکات کە ترسی هەڵکوتانە سەر یان سووتاندنی هەبێت."

نەزاکەت حوسێن جەختی کردەوە، کە لەگەڵ هەبوونی هەر گرژی و ململانێیەکدا، کاری ڕۆژنامەوانی ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە. "بینیمان لە گرژییەکانی ماوەی ڕابردوودا لە سلێمانی، ڕۆژنامەنووس دەستگیر کرا، هێرشی کرایە سەر و کەلوپەلی لێ سەندرا. هەر گرژییەکی سیاسی ڕاستەوخۆ کاریگەریی نەرێنی دەکاتە سەر کاری ڕۆژنامەنووسی و سەلامەتی گیانیان دەخاتە مەترسییەوە."

سەبارەت بە ڕۆڵی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیش، نەزاکەت حوسێن، ڕایگەیاند: کە سەندیکا هەمیشە داکۆکیکاری مافی ڕۆژنامەنووسان بووە، بەڵام گرژییە لەناکاو و نائاساییەکان کارەکانی ئەوانیش پەکدەخات و لەو کاتەدا تەنیا دەتوانن بەدواداچوون بۆ سۆراغی ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان بکەن، داوای ئازادکردنیان بکەن یان ڕاگەیەنراوە دەربکەن.

هەر ئەمڕۆ سەنتەری میترۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندبوو، هێرشی چەكداران بۆ سەر نووسینگەی ڕێكخراوە ناوخۆیی و بیانییەكان پێشێلكارییەكی ڕوونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە، هەروەها ئەم جۆرە هێرشانە مەترسی ئەوەشیان هەیە هەرێمی كوردستان بكاتە شوێنێكی نائارام بۆ كاری ڕێكخراوە بیانییەكان.

 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment