وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا: ئامادەینە فشارەکانمان لەسەر ڕووسیا زیاد بکەین

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا دەست بە دانوستانەکان بکاتەوە دەبێت فشارەکانمان بۆ سەر ڕووسیا زیاتر بکەین، بۆ ئەمەش دەبێت ئەمەریکا و ڕووسیا بەیەکەوە کار بکەن.

یەکشەممە 7ی ئەیلوولی 2025، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا ئامادەکاری بۆ زیاتر کردنی فشارەکانیان بۆ سەر ڕووسیا دەکەن. باسی لەوەش کرد، بۆ جێبەجێکردنیشی پێویستییان بە هاوکاری وڵاتانی ئەورووپایە.

وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی دا، ڕۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و جەی دی ڤانس، جێگرەکەی لەو بارەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بەرهەم دارییان لەگەڵ ئورسولا ڤۆندێر لایەن، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا و و وڵاتانی دیکە هەبوو.

سکۆت بێسێنت ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئەمەریکا و ئەورووپا سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتانە بسەپێنێت کە نەوت لە مۆسکۆ دەکڕن، ئەوا ئابووری ڕووسیا بە تەواوی وێران دەبێت و ئەمەش وا دەکات پوتن بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

پێشتر ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی سزادانی ئەو وڵاتانەی کردووە کە نەوتی ڕووسیا دەکڕن، هەر لەم چوارچێوەیەش ڕێژەی باجی گومرگی بەسەر هیندستان بۆ 50% بەرزکردەوە.

هەروەها هۆشداریشی دابوو، ئەگەر ڕووسیا و ئۆکرانیا لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان ڕێک نەکەون، ئەوا دەرەنجامێکی زۆر خراپ چاوەڕێی مۆسکۆ دەکات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو ڕووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی هێرشێکی فراوانی کردە سەر ئۆکرانیا.

 
Fly Erbil Advertisment