حەماس: ئامادەین گفتوگۆ لەسەر ئازاد کردنی بارمتەکان بکەین

بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، ئامادەیە دەستبەجێ لەسەر مێزی دانوستان دابنیشێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان، بە مەرجی ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی شەڕ و کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.

لە بەیاننامەیەکدا، بزووتنەوەی حەماس ئاشکرای کرد، لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە "هەندێک بیرۆکەمان لە لایەنی ئەمەریکاوە پێگەیشتووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست." بزووتنەوەکە پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکات کە "هاوکار بێت بۆ ئەو هەوڵانەی بۆ وەستاندنی دەستدرێژی دژی گەلەکەمان دەدرێن."

هەروەها بەیاننامەکە جەختی لەوە کردەوە کە حەماس ئامادەیە بۆ:

ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان.
ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی شەڕ و کشانەوەی تەواوەتی لە کەرتی غەززە.
پێکهێنانی لیژنەیەکی فەڵەستینی سەربەخۆ بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە، کە کارەکانی دەستبەجێ دەگرێتە ئەستۆ و گەرەنتی پابەندبوونی ئاشکرای دوژمن بە ڕێککەوتنەکان دەکات. ئەمەش بۆ ئەوەیە "ئەزموونەکانی پێشووی گەیشتن بە ڕێککەوتنەکان دووبارە نەکرێنەوە کە دواتر ڕەتکرانەوە یان هەڵوەشێندرانەوە، دوایینیان ئەو ڕێککەوتنە بوو لە لایەن نێوەندگیرییەکانەوە پێشکەش بە بزووتنەوەکە لەسەر بنەمای پێشنیازێکی ئەمەریکی، بزووتنەوەکە لە 18ـی ئاب، لە قاهیرە قبوڵیان کرد. 2025. تا ئێستا ئیسرائیل وەڵامی ئەمەی نەداوەتەوە، و بەردەوام بووە لەهێرشکردنە سەر غەززە."
حەماس ئاماژەی بەوەشدا، بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ناوبژیوانان بۆ "پەرەپێدانی ئەو بیرۆکانە بۆ ڕێکەوتنێکی هەمەلایەنە کە لەگەڵ داواکارییەکانی گەلەکەماندا بگونجێت."

پێشنیازی نوێی ئەمەریکا بۆ ڕێگریکردن لە ئۆپەراسیۆنی ڕەفەح

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان ڕۆژی یەکشەممە بە ئاکسیۆسیان ڕاگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری کۆشکی سپی، هەفتەی ڕابردوو پێشنیازی نوێی بۆ حەماس بردووە سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان. ئەم هەوڵە وەک هەوڵێک دێت بۆ ڕێگریکردن لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەرفراوانی ئیسرائیل لە شاری ڕەفەح.

وردەکارییەکانی پێشنیازی نوێی ئەمەریکا؛ بە وتەی بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل، پێشنیازی ئەمەریکی ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:

ئازادکردنی هەر 48 بارمتە کە لە کەرتی غەززە ماونەتەوە.
ئاگربەستێکی هەمەلایەنە و کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی شاری ڕەفەح.
ئازادکردنی 2,500 تا 3,000 زیندانی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە، کە سەدان کەسیان بە تاوانی کوشتنی ئیسرائیلییەکان سزای هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە.
دانوستانی دەستبەجێ لەسەر مەرجەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، لەوانەش داواکارییەکانی ئیسرائیل بۆ داماڵینی چەک و حەماس، و داواکارییەکانی حەماس بۆ کشانەوەی تەواو و کۆتایی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.
دووپاتکردنەوەی دەستوەردانی شەخسی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ئەگەر حەماس وەڵامی دەستپێشخەرییەکە بداتەوە. هەروەها، ئاگربەستەکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی دانوستانەکان بەردەوام بن.

لای خۆیەوە دوێنێ یەکشەممە، ترەمپ لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروث سۆشیال) نووسیویەتی: "هەمووان دەیانەوێت بارمتەکان بگەڕێنەوە ماڵەوە، هەمووان دەیانەوێت ئەم شەڕە کۆتایی پێبێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئیسرائیلییەکان مەرجەکانی منیان قبوڵکردووە، کاتی ئەوە هاتووە حەماسیش ئەو مەرجانە قبوڵ بکات." ترەمپ هۆشداری دا بە حەماس و گوتی: "حەماسم ئاگادار کردۆتەوە لە دەرئەنجامەکانی قبوڵنەکردنیان، ئەمە دوا هۆشداریی منە، و هیچ هۆشدارییەکی دیکەش نابێت! سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment