وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی وێرانکردنی غەززە دەکات

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، هەڕەشەی بە ئامانجگرتن و وێرانکردنی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە غەززە و لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماس دەکات، ئەگەر بارمتە و دیلەکان ئازاد نەکرێن.
کاتز ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ئەیلوولی 2025، لە تۆڕی ئێکس هەڕەشەنامەیەکی توندی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ ڕەشەبایەک غەززە دەگرێتەوە و حەشارگەی چەکدارانی حەماس دەهەژێنێت، ئەمە دوا هۆشدارییە، بۆ ڕزگارکردنی بارمتە و دیلەکان؛ بە چەکدارانی حەماس دەڵێت "چەکەکانتان دابنێن، ئەگینا خۆتان و غەززە لەناودەچن".
ئەو پەیامەی یسرائیل لە کاتێکدایە کە هەینی ڕابردوو سوپای ئیسرائیل دەستیکرد بە بۆردومانکردنی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی غەززە، بەهۆیەوە ئاوارەبوونێکی دیکەی بە لێشاو خەڵکی غەززەی گرتووەتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی حکوومەتی ئیسرائیل، تاوەکوو ئێستا 48 بارمتە و دیلی ئیسرایلی لە غەززەدا لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن، بەڵام 20یان زیندوون، لە بەرانبەردا نزیکەی 11 هەزار و 100 فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل هەن.
هەروەها بەپێی چاودێرانی سیاسی، پلانی چڕکردنەوەی هێرشی سەربازانی ئیسرائیل، ئامانج لێێ ئاوارەکردنەوەی خەڵکی غەززەیە بۆ باشووری کەرتەکە، ئەمەش پلانێکی هاوبەشی ئیسرائیلی ئەمەریکییە.
لە دەستپێکی شەڕی نێوان غەززە و ئیسرائیلدا لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تا ئێستا، 64 هەزار و 455 فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە، کە بەشێکیان بەهۆی بەدخۆراکییەوەبووە، هەروەها 162 هەزار و 776 فەڵەستینی دیکەش برینداربوون، کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن و زیاتر لە نۆ هەزار کەسیش بێسەروشوێنن و سەدان هەزار کەسیش ئاوارەبوونە.