پارێزگاری ئیزمیر: هێرشکارەکە هەرزەکارە و بەچەکی ڕاو پەلاماری بنکەی پۆلیسی داوە

سلێمان ئێلبان، پارێزگاری ئیزمیر
سلێمان ئێلبان، پارێزگاری ئیزمیر

سلێمان ئێلبان، پارێزگاری ئیزمیر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر بنکەیەکی پۆلیس لە شارەکە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: هێرشکارەکە قوتابییە و پێشەی تاوانی نییە، چەکی ڕاوی باوکی لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە.

پارێزگاری ئیزمیر ئاشکرای کرد، هێرشکارەکە تەمەنی 16 ساڵە و قوتابییە، بە چەکی ڕاوی باوکی، هێرشی کردووەتەوە سەر بنکەیەکی پۆلیس و ڕووبەڕووبوونەوە دروست بووە، لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا، دوو پۆلیس کوژران و 2ـی دیکەش برینداربوون کە یەکیان دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و لە چاودێری چڕدایە، هاوکات چوار هاووڵاتی برینداربوون، پارێزگاری ئیزمیر ڕاشیگەیاند: هێرشکارەکە دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

سلێمان ئێلبان دووپاتی کردەوە، لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە بەردەوام دەبێت، هەر کاتێک زانیاریی وردیان دەستکەوت، ڕاستی رووداوەکە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەنەوە.

دەشڵێت: هێرشکارەکە پێشینەی تاوانی نییە و هیچ تۆمارێکی پێشووی لە پۆلیس نییە، فیشەکی زۆر لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵگیراوەتەوە، چەکەکەی هێرشکارەکە بەکاری هێناوە، هی باوکییەتی و بۆ ڕاو بەکاردێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیسی ئیزمیر، ژمارەیەک پۆلیس کوژران و بریندار بوون.

میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوە کردووە، هێرشەکە کراوەتە سەر بنکەی پۆلیسی ساڵح ئیشگۆرەن لە شارۆچکەی باڵچۆڤا.

 
 
Fly Erbil Advertisment