ئێران.. لە نێوان لۆجیکی دانوستان و هەڵوێستی نەریتخوازاندا

دانوستان لەگەڵ ترەمپ، مانۆرێکی دیپلۆماسیی زیرەکانەیە کە لە هەر حاڵەتێکدا، بەرژەوەندیی ئێران دەستەبەر دەکات.

پاش جەنگی 12 ڕۆژە، فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەر ئێران زیاتر بوونە؛ هەڕەشەی کاراکردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان لە لایەن سێ وڵاتە ئەورووپییەکەوە، دابەزینی بەهای تومەن و گرانی و قەیرانی کەمئاوی و وزەی کارەبا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی کیشەی بێکاریی و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی جەنگێکی دیکە، باری ئابووری و سیاسیی وڵاتەکەی سەختتر کردووە. 

خامنەیی: بژێوی خەڵک دابین بکەن

دوێنێ یەکشەممە، 7ـی ئەیلوول 2025، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان و ئەندامانی کابینەی حکوومەتەکەیدا ڕایگەیاند "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، نابێت چاوەڕێی گۆڕانکارییە دەرەکییەکان بین؛ بێگومان هەر کەسێک ئەرکی خۆی لەم بوارەدا جێبەجێ دەکات، بەڵام پێویستە بە هیممەت، هیوا و ورەی کار و تێکۆشان، بەسەر ئەو دۆخەی «نە شەڕ و نە ئاشتی»دا زاڵ بین کە دوژمن بەنیازە بیسەپێنێت. سەبارەت بە بژێوی ژیانی خەڵک، پێویستە بە شێوەیەک کار بکرێت کە خەڵک بتوانن نزیکەی 10 کاڵای سەرەکی بەبێ نیگەرانی لە بەرزبوونەوەی نرخەکانیان دابین بکەن؛ نەک بە شێوەیەک کە نرخەکان ڕۆژبەڕۆژ گرانتر ببن."

سەرۆک کۆمار: هێشتا قەیرانی وزە بەردەوامە

پزیشیکیان، لە وەڵامدا گوتی: فراوانبوونی دەوڵەت و زیادبوونی خەرجییەکانی، یەکێکن لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵاوسان. بەنیازین بە هاوکاریی پەرلەمان و دامەزراوەکانی دیکە، چاکسازیی لە پێکهاتەی ئیداریدا بکەین و قەبارەی دەوڵەت بچووک و کاراتر بکەینەوە. بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەریی ڕاستەوخۆی وزە لەسەر کەرتی بەرهەمهێنان، هەوڵێکی زۆرمان داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وزە، کە بووەتە هۆی باشتربوونی ڕەوشەکە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو؛ بێگومان، هێشتا ئەو ناهاوسەنگییە پڕ نەکراوەتەوە و ناچارین داوای لێبوردن لە هاووڵاتیان و بەرهەمهێنەران بکەین بەهۆی بڕینی ناچاریی کارەبا و غاز.

لەم هەلومەرجانەدا، لێدوانەکانی ئەم دواییەی دوو کەسایەتیی ناسراوی سیاسیی ئێران، بەهزاد نه‌به‌وی و عەلی موتەهەری، ئاماژەن بۆ دروستبوونی کۆدەنگییەکی ستراتیجی لەنێو بەشێک لە نوخبە سیاسییەکانی ئێراندا کە پێیانوایە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دەرچوون لەم "بارودۆخە مەترسیدارە"ی ئێستا، هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە مامەڵەی ڕاستەوخۆ و دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. ئەم دیدگەیە کە ڕەگ و ڕیشەی لە قەیرانە قووڵە ئابوورییەکان و ڕاستییەکانی دوای پێکدادانە سەربازییەکەی ئەم دواییەدا هەیە، دانوستان وەک هەڵبژاردەیەک نابینێت، بەڵکو وەک پێویستییەکی بەپەلە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و "گەیاندنی وڵات بە کەناری ئارامی" سەیری دەکات.

پەیوەندیی دانەبڕاوی ئابووری و سیاسەتی دەرەوە

بەهزاد نه‌به‌وی، چالاکوانی سیاسیی بەئەزموون، بە شێوەیەکی ڕاشکاوانەی بێوێنە، کێشە ئابووری و بژێوییەکانی خەڵک ڕاستەوخۆ بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەوە دەبەستێتەوە. ئەو پێیوایە گرنگترین ڕێزگرتن لە خەڵک، چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و بژێوییەکانیانە لە ڕێگەی پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی بواری دەرەوە. ئەم دیدگەیە، ناوکی ئەو بیرکردنەوەیە پێک دەهێنێت کە مانەوەی سیستەم بە ڕەزامەندیی ئابووریی خەڵکەوە دەبەستێتەوە.

لە ڕوانگەی نەبەوییەوە، ڕێڕەوی دیپلۆماسی تەنها چارەسەری ژیرانەیە بۆ ڕێگریی لە دووبارەبوونەوەی پێکدادانەکان و کەمکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان. لە ڕاستیدا، قەیرانی ئابووری و مەترسیی پێکدادانی سەربازی، دوو هۆی سەرەکین کە پێداویستیی دانوستانەکەیان چەند بەرانبەر کردووە.

نەخشەڕێگەی موتەهەری بۆ دانوستانێکی هاوسەنگ

ئەگەر شیکارییەکەی بەهزاد نه‌به‌وی، لەسەر هۆی پێویستیی دانوستان چڕ بووبێتەوە، نامە کراوەکەی عەلی موتەهەری بۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، نەخشەڕێگەیەکی کرداری بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی دانوستان پێشکەش دەکات. موتەهەری بە تێگەیشتن لە بارودۆخە قەیراناوییەکە، داوا لە سەرۆک کۆمار دەکات کە "دەستپێشخەری بکات" و چاوەڕێی گۆڕانکارییەکان نەکات. پێشنیازەکەی موتەهەری بۆ دانوستان لەگەڵ ترەمپ، مانۆرێکی دیپلۆماسیی زیرەکانەیە کە لە هەر حاڵەتێکدا، بەرژەوەندیی ئێران دەستەبەر دەکات.

کاریگەریی ناکۆکیی ناوخۆیی لەسەر سیاسەتی دەرەوە

هەردوو دەقەکە بە ڕوونی ئەوە نیشان دەدەن کە ئەم پەلەکردنە بۆ دانوستان ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی گەورەی ناوخۆیی بووەتەوە. بەهزاد نه‌به‌وی بەوە دەکات "ڕادیکاڵەکان کە دەیانەوێت لە کاروانەکە بەجێ نەمێنن و پەلاماری حکوومەت دەدەن، گەورەترین بەربەستی ناوخۆیین لەسەر ڕێگای هەر جۆرە کەمکردنەوەیەکی گرژی و مامەڵەکردنێک لەگەڵ ڕۆژئاوا." عەلی موتەهەریش بە زیرەکییەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم پێشنیازە دەبێت دوای پەسەندکردنی لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە ڕەزامەندیی لەسەر بدرێت، کە ئەمەش نیشانەی ئاگاداریی ئەوە لە پێویستیی دروستکردنی کۆدەنگی لە بەرزترین ئاستەکانی دەسەڵاتدا بۆ سەرکەوتنی پلانێکی لەم شێوەیە.

ئەنجامگیری 

فشاری ئابووریی وێرانکەر و سێبەری قورسی پێکدادانێکی سەربازیی دیکە، بەشێک لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی گەیاندووەتە ئەو ئەنجامەی کە کات بۆ دواخستن نەماوە. پەلەکردن بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا، پاشەکشەیەکی ئایدیۆلۆجی نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی پراگماتیکییە بۆ مسۆگەرکردنی مانەوە و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی وڵات. 

کەسایەتییەکانی وەک نه‌به‌وی و موتەهەری، پێیانوایە کلیلی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان، بەندە بە پێداچوونەوەیەکی جددی و ئازایانە لە سیاسەتی دەرەوەدا و دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا، ئەو کلیلە سەرەکییەیە کە دەتوانێت قفڵی سزاکان بکاتەوە و وڵات لە لێواری هەڵدێر دوور بخاتەوە. سەرکەوتنی ئەم ڕێبازە، زیاتر لە هەر شتێک، بەندە بە توانای حکوومەت بۆ بەڕێوەبردنی نەیارە ڕادیکاڵە ناوخۆییەکان و بەدەستهێنانی پشتیوانیی پایە سەرەکییەکانی سیستەم.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment