بەقایی: ئەوەی بە ناوی دیپلۆماتکاری ئێرانی لە قاهیرە ڕفێندراوە، بە پاسپۆرتی عێراقی گەشتی کردووە

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەتیدەکاتەوە هیچ دیپلۆماتکارێکی وڵاتەکەی لە قاهیرە ڕفێندرابێت و چارەنووسی نادیار بێت، ڕاشیگەیاند، ئەمیر موسەوی دیپلۆماتکار نییە و بە پاسپۆرتی عێراقی گەشتی میسری کردووە.
ئیسماعیل بەقایی ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا وەڵامی پرسیاری ڕفاندنی دیپلۆماتکارێکی ئێرانی لە قاهیرەی پایتەختی میسری دایەوە و گوتی: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەواڵێکی وامان بیستووە، بەڵام ئەو کەسە دیپلۆماتکار نییە، بەڵکو تەنیا سەردەمانێک ڕاوێژکاری ڕۆشبنیری و کولتووری کەناڵی تەلەفزیۆنی بووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتیشی: ئەوەی ئێمە بیستوومانە، گوایە ناوبراو بە پاسپۆرتی عێراقی چووەتە میسر، لەگەڵ ئەمەشدا بە گوێرەی ئەرکی خۆمان لە وەزارەتی دەرەوە لەبارەی پاراستن و پارێزگاری لە مافی هاووڵاتیانی ئێران، بە دڵنیاییەوە لە ڕێگەی نووسینگەی پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە قاهیرە، بەدوا داچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەین.
سەرەتا هەواڵی ڕفاندنی دیپلۆماتکارێکی ئێران بە ناوی ئەمیر موسەوی لە قاهیرە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و گوایە لەلایەن مۆسادی ئیسرائیلەوە لە کاتی گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قاهیرە ڕفێندراوە، بەڵام دواتر ماڵپەڕی هەواڵی دیدەبانی ئێران، بە فەرمی بڵاوی کردەوە، کە میدیا ئیسرائیلییەکان هەواڵی ڕفاندنەکەیان بڵاوکردووەتەوە و لە بەدواداچوونێکی ماڵپەڕە ئێرانییەکەشدا هاتووە، تاوەکوو ئێستا نەتوانراوە هیچ سۆراخێکی ئەمیر موسەوی وەرگرن و ژمارەکەشی بەردەست نییە.
ماڵپەڕی هەواڵی دیدەبانی ئێران نووسیویەتی، ئەمیر موسەوی یەکێک بووە لە ڕاوێژکارانی کولتوور و ڕۆشنبیری ئێران میسر، پێشتریش ڕاوێژکاری وەزیری پێشووی بەرگری ئێران بووە، هەروەها بۆ ماوەیەک بەڕێوەبەری ناوەندی تویژینەوە و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی نێودەوڵەتیی ئێران بووە، لە کەناڵە ئاسمانییەکانی نزیک ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی، وەک شیکەرەوەی پرس و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست میوانداری کراوە و داکۆکی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران کردووە.