هۆکاری راستەقینەی دوورخستنەوەی مۆرینیۆ ئاشکرا دەبێت

سەرۆکی یانەی فێنارباهچێ-ی تورکی هۆکاری راستەقینەی دوورخستنەوەی خۆزێ مۆرینیۆ لە ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی ئاشکرا دەکات.
خۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی دوای تەنیا یەك وەرز لە وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی فێنارباهچێ، رۆژی 29ی مانگی رابردوو بەشێوەیەکی نامۆ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و میدیاکان هۆکاری جیاوازیان بۆ بڕیاری دوورخستنەوەی باس دەکرد.
بەڵام عەلی کۆچ سەرۆکی یانەی فێنارباهچێی تورکی هۆکاری راستەقینەی دوورخستنەوە لە ناکاوەکەی خۆزێ مۆرینیۆی ئاشکرا کرد و گوتی: وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە، کە بۆچی دەستبەرداری راهێنەرە پۆرتوگالییەکە بووین؟ بەڕاستی جیابوونەوەیەکی تاڵ بوو، پەیوەندی نێوانمان زۆر باش بوو، خودی هێنانی مۆرینیۆ بۆ راهێنەرایەتی یانەکە سەرکەوتنێکی گەورەبوو، دوورخستنەوە و سەرنەکەوتنمان بۆ چامپیۆنزلیگ قبوڵکراو نەبوو، هەستمان کرد هەمان ئەنجامە بێزارکەرەکانی وەرزی رابردوو دووبارە دەبێتەوە، بۆیە بە ناچاری ئەو بڕیارەمان دا.
راهێنەرە پۆرتوگالییە بەناوبانگەکە 62 یاریی راهێنەرایەتی فێنارباهچێ-ی کرد، 37 بردنەوە، 14 یەکسانبوون و 11 دۆڕانی هەبوو، لەگەڵ یانە تورکییەکە هیچ نازناوێکی بەدەستنەهێنا، وەرزی رابردوو لە خولی سوپەری تورکیا پلەی دووەمی بەدەستهێنا و گاڵاتەسەرای بووە پاڵەوان، لە جامی تورکیاش لە قۆناغی چارەکی کۆتایی بە پاڵەوانی خولی سوپەری وڵاتەکەی دۆڕان و لە پاڵەوانێتییەکە دوورخرانەوە.
خۆزێ مۆرینیۆ تەمەنی 62 ساڵە و راهێنەرایەتی یانەکانی بەنفیکا، پۆرتۆ، چێڵسی، ئینتەرمیلان، ریاڵ مەدرید، تۆتێنهام، مانچێستەر یونایتد، رۆما و دواترینیان فێنارباهچێی کردووە و خاوەنی 26 نازناوە لە کاروانی وەرزشی خۆی.