جووتیارانی کورد لە گوندی تەپەسەوز ڕووبەڕووی هەڕەشەی تەعریب دەبنەوە

مەترسییەکانی تەعریب و داگیرکاری جارێکی دیکە بوونەتە هەڕەشە بۆ گوندە کوردنشینەکانی سنووری خورماتوو. لە گوندی تەپەسەوز، کە دوایین گوندی کوردنشینە لەسەر سنووری قەزاکە، عەرەبە هاوردەکان لە ڕێگەی سکاڵای یاساییەوە داوای 1800 دۆنم زەوی جووتیارانی کورد دەکەن، ئەمەش دانیشتووانی گوندەکەی نیگەران کردووە.

فەرهاد حەمید، جووتیارێکی گوندی تەپەسەوزە و یەکێکە لەو کەسانەی سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە. ئەو بۆ کوردستان24 باس لەوە دەکات، لە ڕێگەی دادگاوە فشارێکی زۆریان لەسەرە بۆ چۆڵکردنی زەوییەکانیان. دەشڵێت: "چەندین فەرمانی جۆراوجۆر دژی ئێمە دەرچووە، بەڵام ئەمە چارەسەر نییە. دەبێت بەرپرسان بێنە سەر خەت و بەپێی یاسا و ئەو بڕیارانەی پەرلەمانانەی هەن، ڕێگری لەم پێشێلکارییە بکەن."

دانیشتووانی گوندەکە کە زەوییەکانیان موڵکی باب و باپیرانیانە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری خاکەکەیان نابن. شەماڵ کاکەخان، جووتیارێکی دیکەی گوندەکەیە و دەڵێت: "ئێمە دەستبەرداری زەوی و خاک و عەرزی خۆمان نابین. با بمانکوژن، با دەستگیرمان بکەن، کێشەمان نییە."

جووتیارانی کورد لە گوندی تەپەسەوز، کە خاوەنی بەڵگە و گرێبەستی کشتوکاڵین و لە شەڕی دژی داعشدا گوندەکەیان پاراستووە، ئێستا داوا دەکەن حکوومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکەیان بدۆزنەوە و ڕێگە نەدەن جارێکی دیکە پرۆسەی تەعریب لە ناوچەکەیان سەرهەڵبداتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment