شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی هەسەدە ڕوویدا

میدیاکانی سووریا بڵاویان کردووەتەوە لە پارێزگاکانی دێرەزوور و لازقیە پێکدادانی سەربازی و ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی هەبووە. ئەم گرژیانە هاوکاتن لەگەڵ بوونی ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق.

لە دێرەزوور، پێکدادان لە نێوان سوپای سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە شارۆچکەکانی مەحکان و کشمە ڕوویداوە، تێیدا چەکی قورس و تۆپ بەکارهاتووە.

لای خۆیانەوە بەرپرسان و شرۆڤەکاران ڕایانگەیاندووە کە ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق هەیە.

ئەم گرژیانە لە کاتێکدایە کە لە 10ـی ئاداردا، ڕێککەوتنێک لەنێوان هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق واژۆ کرا، چەند خاڵێکی گرنگی لەخۆگرتبوو، لەوانە:

یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی کورد.
گەڕانەوەی ئاوارەکان.
ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون.

سەرەڕای دانوستانە کراوەکان، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێکی سەرەکی بووەتەوە، لەوانە:

پێگەی هەسەدە، "ئیدارەی خۆسەر" پێداگری دەکات لەسەر پاراستنی پێگەیەکی تایبەت بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات لەناو سوپای سووریادا، کە ئەمە لەلایەن دیمەشقەوە ڕەتدەکرێتەوە.
شێوازی حوکمڕانی، ئیدارەی خۆسەر داوای دامەزراندنی سیستمێکی لامەرکەزی دەکات، لە کاتێکدا حکوومەتی سووریا پێداگری لەسەر دەوڵەتێکی مەرکەزی دەکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment