یسرائیل کاتز: ئامانجی سەرەکیمان لە غەززە لەناوبردنی تونێلەکانە

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، جەختی کردەوە ئامانجی سەرەکی و ستراتیژیی وڵاتەکەی لە کەرتی غەززە، بریتییە لە لەناوبردنی تەواوەتیی تۆڕی تونێلەکانی حەماس و چەکداماڵینی بزووتنەوەکە.

کاتز لە لێدوانێکدا گوتی: "بە بڕوای من، گرنگترین ئامانجی ستراتیژی بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە غەززە، بریتییە لە چەکداماڵینی حەماس و لەناوبردنی تونێلە حەماس."

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەرکی گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتەکانی بە "بەپەلەترین ئەرکی ئەخلاقی" وەسفکرد و گوتی: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە."

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد سوپاکەیان "سەرکەوتنی گەورەی" لە دژی حەماس بەدەستهێناوە، بەڵام دانی بەوەدانا کە هێشتا نزیکەی 60%ی تونێلەکان لەنێو نەبراون.

گوتیشی، سوپای ئیسرائیل لەناوبردنی تونێلەکانی کردووەتە ئەولەویەتی سەرەکی، هاوشان لەگەڵ پاراستنی سەربازەکان و هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوچە سنوورییەکان.

لە کۆتاییدا، کاتز هەماهەنگیی بەردەوامی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرا کرد بە مەبەستی دۆزینەوەی "ڕێگەچارەی ڕادیکاڵ" بۆ لەناوبردنی یەکجارەکیی تونێلەکان، هاوشان لەگەڵ پرۆسەی چەکداماڵینی حەماس.