سەرۆکی نیپاڵ لەدەستی خۆپیشاندەران هەڵات

ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، میدیاکانی نیپاڵ بڵاویانکردەوە، دوای ئەوەی خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی نیپاڵ و ئاگریان لە ئۆفیسەکەی بەرداوە، سوپای نیپاڵ سەرۆک ڕاما چاندرا پاودێلا یان گواستووەتەوە شوێنێکی سەربازی.
ماڵپەڕی 'خەبەر هوب'ـی نیپاڵی بڵاویکردەوە، "بەهۆی تەشەنەکردنی خۆپیشاندانی هاووڵاتیان، سوپای نیپاڵ بە هێلیکۆپتەر ڕاما چاندرا پاودێلا سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیان بۆ شیڤاپوری گواستووەتەوە، کە ناوەندێکی مەشقی سەربازییە، ئەمەش بۆ بۆ دڵنیابوونە لە سەلامەتی سەرۆکی وڵاتەکەیان، ئاماژەی بەوەشکردووە "خۆپیشاندەران ئاگریان لە ئۆفیسەکەی بەرداوە."
پێشتر ماڵپەڕەکە باسی لەوەکردبوو، خۆپیشاندەرانی نیپاڵ دوای بلۆککردنی ژمارەیەک سایتی گەورەی سۆشیال میدیا، هەڵیانکوتایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی وڵاتەکە.
هاوکات ئیندیا تودەی ڕایگەیاندووە، شارما ئۆلی سەرۆک وەزیرانی نیپاڵ، بەهۆی تەشەنکردنی خۆپیشاندانەکان و ناسەقامگیری وڵات، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، هەروەها دوای ئەوەی خۆپیشاندەران ئۆفیسی ناوەندی پارتی کۆنگرێسی نیپاڵیان ئاگر تێبەردا، سوپای وڵات بڵاوەی پێکرا.
ڕۆژنامەی کاتماندۆ پۆست بڵاویکردەوە، "خۆپیشاندەران لە نیپاڵ ئاگریان لە ئۆفیسی ناوەندی پارتی دەسەڵاتداری کۆنگرەی نیپاڵ بەرداوە"، ئاماژەی بەوەش داوە، "سوپای نیپاڵ بەهۆی ناڕەزایەتییەکان، بە هێلیکۆپتەر وەزیرەکانی حکوومەتیان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان گواستووەتەوە شوێنی سەلامەت."