سەرۆک وەزیران ئامادەیی هەموو ئاسانکارییەکی بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە ڕاگەیاند

ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ لوتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا کرد، کە لە ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان پێکهاتبوو.

لە کۆبوونەوەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت و وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا ئامادەی بوون، سەرۆکی حکوومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندەکە، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی ئەمەریکا دەربڕی. پاشان تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەت لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری، بە تایبەتی لە کەرتەکانی وزە و کشتوکاڵ و سیستەمی بانکی و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لەمبارەیەوە ئاماژەی بە سەرکەوتنی هەردوو پڕۆژەی (هەژماری من) و (ڕووناکی) کرد

سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە دووپات کردەوە.

جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا، بە ناوی شاندەکەوە، سوپاسی پێشوازیی گەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و خواستی شاندەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەربڕی.

لە کۆتاییدا ، سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەت، وەڵامیی پرسیار و سەرنج و تێبینییەکانی ئامادەبووانیان دایەوە.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment