ئیسرائیل بارەگایەکی حەماسی لە دەوحە کردە ئامانج

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان بە هێرشێکی ئاسمانی ژمارەیەک بەرپرسی حەماسیان کردووەتەوە ئامانج، میدیاکانی ئیسرائیلیش باس لەوە دەکەن کە بارەگایەکی حەماس لە دەوحە هێرشی کراوەتە سەر.
سێشەممە 9ی ئەیلوولی 2025، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ئاماژەی داوە، بە هاوکاری دەزگای پاراستنی ئیسرائیل (شاباک) هێرشێکی ئاسمانییان کردووەتە سەر بەرپرسانی باڵای حەماس، کە ساڵانێکە چالاکییەکانی ئەو گرووپەیان بەڕێوە دەبرد و لە هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر دەستیان هەبووە.
میدیاکانی ئیسرائیلیش بڵاویان کردووەتەوە، بارەگایەکی حەماس لە دەوحە کراوەتە ئامانج، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکیش ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە.ڕادیۆی سوپاسی ئیسرائیلیش ئاشکرای کرد، هێرشەکە بە هەماهەنگی ئەمەریکا کراوە.
هاوکات کەناڵی 12ی ئیسرائیلیش ئەوەی خستەڕوو، خەلیل حەیە لە دەوحە بە ئامانج گیراوە.
لای خۆشییەوە، کەناڵی جەزیرەش لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، شاندەی دانوستانی حەماس کراوەتە ئامانج لە کاتێکدا کە گفتوگۆیان لەبارەی پێشنیازەکەی ئەمەریکا دەکرد.
مەجید ئەنساری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل دەکات و بە هێرشێکی ترسنۆکانەی ناو برد و گوتی: "ئەم هێرشانەی پێشێلکردنی ئاشکرای سەرجەم یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتییە."