دۆری ئەبوزێد: هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە بۆ وەبەرهێنان

سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا- کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، ئیدارەی ئەمەریکا پشتیوانی لە گرێبەستە 110 ملیار دۆلارییەکە دەکات و بەراورد بە عێراق وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان زۆرباشترە.
دۆری ئەبوزێد، سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا-کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 9ـی ئەیلوولی 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەرکی سەرەکی ئێمە دروستکردنی پەیوەندییە لە نێوان کۆمپانیا بازرگانییەکانی ئەمەریکا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمەریکی لە بوارەکانی وزە و پیشەسازی و لۆجستی کاردەکەن و بۆ ماوەی 15 ساڵە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەم، ئێرە ناوچەیەکی ئارامە و خەڵکێکی باشیان هەیە و دەرفەتی بازرگانی زۆرە.
هەروەها گوتی: دەمانەوێت لە بواری تەکنەلۆجیا و بوارەکانی دیکە وەبەرهێنان بکەین، هەروەها کار لەسەر ئەوە دەکەین هەرێمی کوردستان ببێتە دەروازەیەک بۆ هەموو عێراق بۆ ئەوەی کاری تێدا بکرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی پەیوەندییە بازرگانییەکان دەکات، دەمانەوێت کۆمپانیای زیاتری ئەمەریکی بهێنینە هەرێم و کابینەی نۆیەمی حکوومەت زۆر پشتیوانی لە وەبەرهێنان دەکات، هەر کۆمپانیا و براندێکی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان خواستی لەسەر بێت کاری لەسەر دەکەین و هەوڵ دەدەین بیانهێنینە ئێرە.
لە هەرێمی کوردستان 24 کۆمپانیای ئەمەریکی کاردەکەن، ئیدارەی ئەمەریکا پشتیوانی لە گرێبەستە 110 ملیار دۆلارییەکە دەکات و بەراورد بە عێراق وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان زۆرباشترە و چونکە حوکمڕانی و ئاسایشێکی باش هەیە.