تۆمەتبارێك لە ھەولێر دەستگیر كرا 329 بەڵگەنامە و كەلوپەلی ساختەی پێبووە
راگەیەندراوێك لە پۆلیسی ھەولێرەوە
K24 – ھەولێر
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر دەستگیر كردنی تۆمەتبارێك راگەیاند، كە چەندین بەڵگەنامەی ساختەی پێبووە.
لە راگەیەندراوێكدا پۆلیسی ھەولێر ئاشكرای كرد، دوای لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی و ساختەكاری و چاودێری چڕ توانرا لە شاری ھەولێر تۆمەتبارێك بەناوی (ش.ع.م) دەستگیر بكرێت و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەی دابگیرێت كە تابلۆی ساختەی پێوەبووە، لەگەڵ چەكی جۆرۆ كلانشیكۆف و دەمانچە و چەند ئامێرێكی بێ تەل و ناسنامەی سەربازی بە پلەی رائید لە دژەتیرۆری عێراقی، دوای پشكنینی شوێنی حەوانەوەی 329 مادەی جۆراوجۆری ساختە دەستی بەسەر داگیرا.
وەك لە راگەیەندراوەكە ئاماژەی پێكراوە، تۆمەتبارەكە مۆر و بەڵگەنامەی ساختەی دروستكردووە كە تایبەتن بە حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق و كونسوڵخانەكان و خاڵە سنوورییەكان، ھەروەھا چەندین ناسنامەی سەربازیی و كڵێشەی دادگا و چەندین نووسراوی ساختەشی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەرگێڕاوە.
پۆلیسی ھەولێر روونیكردەوەتەوە، لە رێگەی پول و مۆری ساختە ڤیزای وڵاتانی بۆ خۆی و كەسانی دیكە وەرگرتووە.
تۆمەتبارەكە بەپێی مادەی 289 – 298 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.





