ئێمباپێ لە تۆپی پێ بێزارە و دەڵێت: هەرگیز هاوسەرگیری ناکەم

ئێمباپێ لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی چەند نهێنییەك لەبارەی ژیانی تایبەتی دەدرکێنێت

ئێمباپێ بە منداڵی و زیدان لەگەڵ لۆگۆی پاریس سانجێرمان
ئێمباپێ بە منداڵی و زیدان لەگەڵ لۆگۆی پاریس سانجێرمان

کیلیان ئێمباپێ چەند راستییەکی لەبارەی ژیانی تایبەتی خۆی و تۆپی پێ ئاشکرا کرد و دان بەوەدا نا، کە خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵ ناباتەوە.

ئێمباپێ لە چاوپێکەوتنێکی بۆ رۆژنامەی "لیکیپ"ی فەرەنسی ژمارەیەك نهێنییەکی لەبارەی ژیانی خۆی ئاشکرا کردووە و بۆیەکەمجاریش چەند راستییەك دەدرکێنێت.

یاریزانە فەرەنسییەکە لەبارەی خەڵاتی باڵۆن دۆر دەڵێت: "دەزانم ئەمساڵ خەڵاتی باڵۆن دۆر نابەمەوە، بەڵام ناتوانم لە نێوان دێمبێلێ و حەکیمی یەکێکیان هەڵبژێرم، کە هەردووکیان هاوڕێمن".

لیکیپ لەبارەی جێهێشتنی پاریس سانجێرمان پرسیاری لە کیلیان کردووە و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی داوەتەوە: راستە دوای رۆیشتنی من پاریس سانجێرمان نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، بەڵام لە جێهێشتنی ئەو یانەیە پەشیمان نیم.

یاریزانەکە زیاتر باسی چامپیۆنزلیگ دەکات و دەڵێت: رەنگە هەستبکەن من یاریزانێکی تەواو شکستخواردووم، بەڵام دەبێت ئەوە بزانن دوای رۆیشتنی من پاریس سانجێرمان پێکهاتەکەی زۆر باشتر و تۆکمەتر کرد، لویس ئێنریکی دووەم ساڵی راهێنەرایەتی بوو لە یانەکە، هەندێکجار بەخت لەگەڵت نابێت بە نموونە لە یاریی بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتمۆند 40 تۆپمان بۆ گۆڵ لێدا بەڵام سەرکەوتوو نەبووین.

هێرشبەرەکەی ریاڵ مەدرید لەبارەی زیدان-ی ئەفسانەی تۆپی پێ ئاماژەی بەوە کردووە: زیدان تاکە یاریزانە لە مێژووی تۆپی پێ مافی هەموو شتێکی هەیە، چونکە زەینەدین چیرۆکێکە هەرگیز دووبارە نابێتەوە، بۆیە کەس ناتوانێت ئەو رەتبکاتەوە.

ئەستێرە فەرەنسییەکە چەند نهێنییەك لەبارەی ژیانی تایبەتی خۆی باس دەکات و ئاشکرای دەکات: باسی هاوسەرگیرم بۆ مەکەن، تاوەکو لە تۆپی پێ بەردەوام بم بیر لەو پرۆسەیە ناکەمەوە.

 

لەبارەی ئەو رەخنانەی لە یاریزانەکە دەگیرێت، کە بە دوای پارە کەوتبێت، کیلیان بە رۆژنامەکەی گوتووە: ئەو قسانە راست نین، چونکە مرۆڤ تاوەکو پارەی زۆرتر بێت کێشەکانی گەورەتر دەبن.

ئێمباپێ بۆیەکەمجار راستییەك باس دەکات و دەڵێت: "ئەگەر هێندە تامەزۆری تۆپی پێ نەبوومایە دەمێك بوو بەهۆی بێزاریم وازم لە یاریکردن هێنابوو، هیوادارم کوڕەکەشم رقی لە تۆپی پێ بێت، چونکە هاندەران نازانن لە پشت پەردەوە لە تۆپی پێ چی روودەدات".

کیلیان ئێمباپێ-ی فەرەنسی تەمەنی 26 ساڵە و پێشتر یاریی بۆ یانەکانی مۆناکۆ و پاریس سانجێرمان کردووە، وەرزی 2024-2025 پەیوەندی بە ریاڵ مەدرید کرد و بەهای ئێستای لە گواستنەوەی لە بازاڕی یاریزانان 180 ملیۆن یۆرۆیە.

 

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment