سەرۆک وەزیرانی قەتەر: هەڕەشەکانی ناتانیاهۆ قبوڵ ناکەین

شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی ئەو هەڕەشانە قبوڵ ناکات کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەیکات، ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامدانەوەی ناوچەکە لەگەڵ هاوبەشەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکرێت.
شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند، "هیچ وشەیەکم نییە بۆ دەربڕینی ئەوەی، ئێمە چەندە توڕەین لەم هێرشەی ئیسرائیل کە کردەوەیەکی تیرۆری دەوڵەتی بوو."
ڕوونیشیکردەوە، ناتانیاهۆ "هەوڵدەدات وتارێکی یاسایی بدات لەکاتێکدا خۆی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات و کەرتی غەززە برسی دەکات." جەختیشی کردەوە، ناتانیاهۆ دەبێت بخرێتە بەردەم دادگا، چونکە لە ئێستاوە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە داواکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناتانیاهۆ هەڕەشە لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەکات، هەرچەندە ئەوان هیچ مەترسییەکیان بۆ سەری دروست نەکردووە. جەختی لەوەش کردەوە، وەڵامێک لە ناوچەکەوە لەگەڵ هاوبەشەکان تاوتوێ دەکرێت، هیوای خواست ئەم وەڵامە "ڕاستەقینە بێت و توانای وەستاندنی قسەی ناشرینەکانی ئیسرائیلی هەبێت."
شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی گوتیشی: "پەیامێکی بەهێزمان لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە بیست سەبارەت بە بۆمبارانەکەی ئیسرائیل و ئەم هەڵوێستە بەرز دەنرخێنین، بەڵام دەبێت ڕێوشوێنی کردەیی پەیڕەو بکرێت."
سەبارەت بە خولەکانی دانوستان، سەرۆک وەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی قەتەر دووپاتیان کردەوە، ناتانیاهۆ "کاتی بە فیڕۆ دا لە مەسەلەی ناوبژیوانی و جددی نەبوو." دەشڵێت: "بە بۆردومانکردنی شاندی حەماس، ناتانیاهۆ هەموو ئومێدێکی بە بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە کوشت."
شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، دەوڵەتی قەتەر ڕووبەڕووی هێرشێکی "خیانەتکارانە"ی ئیسرائیل بووەتەوە کە تیرۆریزمی دەوڵەتی پێکدەهێنێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی درێغی ناکات لە بەرگریکردن لە سەروەری خۆی و بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی دەکات.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان جەختی لەوە کردەوە، قەتەر مافی خۆیەتی وەڵامی ئەم هێرشە ئاشکرایە بداتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، دەستبەجێ دەسەڵاتدارانی ئەمنیی دەستیان کردووە بە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکە، هەروەها بریندار و قوربانییەکان دەستنیشانکراون.
سەرۆک وەزیرانی قەتەر ڕاشیگەیاند، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا تیرۆری دەوڵەتی و هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، ئاماژەی بەوەشکرد "هێرشەکە نەک تەنیا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە بەڵکو هەموو پێوەرەکانی ئەخلاقیشی پێشێلکردووە."