باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمەریکا: ڕزگاربووانی هێرشەکەی دەوحە دەکوژین

باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەو سەرکردانەی حەماس لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل لە دەوحە ڕزگاریان بووە، جارێکی دیکە ڕزگاریان نابێت و دەیانکوژین.
پێنجشەممە، 11ـی ئەیلوول 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە "یەحیل لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمەریکا، لە وتارێکدا لە کۆمەڵگەی کاپیتۆڵی ئەمەریکا گوتی: ئێمە تیرۆریستانمان ئاگادار کردووەتەوە، لە هەر کوێیەک خۆیان حەشار بدەن، دەیاندۆزینەوە و لەناویان دەبەین".
ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو هەوڵی دا بە هێرشێکی ئاسمانی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، سەرکردە سیاسییەکانی حەماس بکوژێت. ئەمەریکا هێرشەکەی بە کارێکی تاکلایەنە وەسف کرد کە لە بەرژەوەندی ئەمەریکا و ئیسرائیلدا نییە.
هێرشە ئاسمانییەکە، ماوەیەکی کەم دوای ئەوە هات کە حەماس بەرپرسیارییەتی تەقەکردنەکەی ڕۆژی دووشەممەی لە ئەستۆ گرت کە بووە هۆی کوژرانی 6 کەس لە وێستگەیەکی پاس لە دەوروبەری قودس.
ئۆپەراسیۆنەکەی دەوحە، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان سەرکۆنە کرا، لە کاتێکی زۆر هەستیاردا بوو، چونکە قەتەر میوانداری و نێوەندگیری لە دانوستانەکاندا دەکرد کە ئامانجیان دەستەبەرکردنی ئاگربەست بوو لە شەڕی غەززەدا.
لایتەر، لە وتارەکەیدا بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی ڕێککەوتننامەکانی ئەبراهام، کە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی زۆرینە موسڵمانی ئاسایی کردەوە، ڕەخنەی لە قەتەر گرت.
لایتەر گوتی: ئەگەر قەتەر مەبەستی پارەدارکردن و پشتیوانیکردنی تیرۆر نەبێت، بۆ میوانداریی سەرکردەکانی حەماس دەکات؟ ئەوانە سەرکردایەتیی ئەو چەکدارانە دەکەن کە شەش کەسی مەدەنییان لە وێستگەیەکی پاس لە قودس کوشت.
محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر، دوێنێ چوارشەممە، ڕایگەیاند "لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکاندا چۆنییەتی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل تاوتوێ دەکەن و سەرکردەکان لە داهاتوویەکی نزیکدا لە دەوحە کۆدەبنەوە."
ئال سانی، هەروا گوتی: ئێمە لە گفتوگۆیەکی زۆر وردداین لەگەڵ حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و پێویستە بزانین لە داهاتوودا چی دەکەین.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سەرکۆنەکردنی جیهانی بۆ هێرشەکەی سەر دەوحە، پشتگوێ خستووە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوانتر کردووە.