ههوڵهكان بۆ ئاوهدانكردنهوهی شنگال دهستپێدهكهنهوه
"بوونی پهكهكه بهربهست بوو بۆ ئاوهدانكردنهوهی شەنگال"
K24 – ھەولێر:
بەشێکی زۆری رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و وڵاتانی کۆمەکبەخش دوای رێکەوتنەکەی هەولێر و بەغدا ئامادەکاریان دەستپێکردوە بۆ هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی شنگال، ئەمەش دوای ئەوە دێت سەرجەم رێکخراوه نێودەوڵەتیەکان و نەتەوە یەکگرتوەکانیش کارەکانیان بەهۆی بوونی پەکەکەوە راگرتوە. دەزگای خێرخوازی بارزانیش ئامادەکاری دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال.
شنگال، تاکە شوێنە لە عێراق، دەزگای خێرخوازی بارزانی کارەکانی خۆی تێدا راگرتووە بۆ گەیاندنی هاوکاری و ئاوەدانکردنەوەی، ئەمەش بەهۆی ئەوەی گەريلاكانى پەکەکە رێگرن لە بەردەم گەیاندنی دەستی ئاوەدانی بۆ ئهو ناوچهیه. لەگەڵ راگرتنی کارەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکانيش کارەکانی خۆیان راگرت.
مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتی: خۆمان بۆ ئامادە کردووە لەگەڵ جێبەجێکردنی رێکەوتنەکەی هەولێر و بەغدا پشکی شێری کارەکانی دەزگاكەمان بۆ شنگال بێت. بۆ ئەم مەبەستەش بانگەوازێکی فراوان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال دەستپێدەکەین.
بەهۆی بوونی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆرەوە و خۆیشی رێگرە لە گەیاندنی هاوکاریەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لە شنگال، بۆیە هەموو رێکخراوەکان کارەکانیان راگرتووە و ئامادە نین بچنە سنووری ئهو قهزایه.
کرمانج عوسمان، پسپۆری کاروباری نێودەوڵەتی گوتی: بەهۆکاری ئەمنی و ناشەرعی و نایاسايی بوونی پەکەکە لە شنگال، رێکخراوەکان هاوكاريەكانيان ناگەيهننه ئهو دهڤهره.
رێکەوتنى ئاسايكردنەوەى دۆخى شنگال جگە لە ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەمنی و گەڕانەوەی ئاوارەکان، دەرفەتيكیشه بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوە یەکگرتوەکان و وڵاتانیش، كه چاویان لە کەوتنە بواری جێبەجێکردنی رێکەوتنەکەیە، تا بەشداربن لە ئاوەدانكردنەوەى ئەو قەزايەی سەدان ملیۆن دۆلاریان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئامادە کردوە، لەوانەش دەزگای خێرخواری بارزانی خۆی بۆ گەیاندنی هاوکاری و ئاوەدانكردنەوەى ئامادە کردوە.