مەهاباد.. چالاکییەک بۆ هاندانی خوێنەران بەڕێوە چوو

لە پارکی سەید قوتبی شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵمەتێکی هاندانی خوێندنەوەی کتێب، بە ناوی 'وشە، ڕووناکی' لە لایەن کۆمەڵێک لە نووسەران و چالاکانی فەرهەنگیی شارەکەوە بەڕێوەچوو.

یەکێک لە  نووسەرانی بەشدار لە هەڵمەتەکەدا بە پێشکەشکردن ژمارەیەک لە کتێبەکانی خۆی لەو هەڵمەتەدا دەیەوێت خوێنەر و کتێب پێکەوە ئاشت بکاتەوە.

مەنسوور میهرجوویان، نووسەر، دەڵێت: دیارە بۆ فەرهەنگسازی ئەم کارە، ئێمە پێویستمان بە کۆبوونەوەی ئاوها هەیە. من نزیکەی 25 دانە لە یەکەم کۆمەڵە چیرۆکم لا مابوو، پێشکەشی ئەم بەرنامەیەم کرد. هیوادارم دۆستانی تریش بتوانن پشتیوانی لێ بکەن و ئەو دۆستانەی  کە لێرەن هان بدرێن بۆ خوێندنەوە و بۆ دۆستایەتی لەگەڵ کتێب. لاموایە کتێب هەندێک لای ئێمە نامۆ بووە، هیودارم ئەم دۆستایەتییە بەردەوام بێت.

مژدە مەعروفییان، خانمێکی هۆگری خوێندنەوەی کتێبە، دەڵێت: ئەمڕۆ ئێمە هاتووین پێکەوە دەربارەی کتێبەکان قسە بکەین و بزانین کێ چ کتێبێکی پێخۆشە و نووسەرەکەی کێ بووە. بە بۆچوونی من نابێت مرۆڤ لە ڕوانگەی خۆیەوە تەماشای دنیا بکات. بە خوێندنەوەی کتێب، جودا لە جیهانبینیی خۆت، دەتوانیت لەگەڵ جیهانبینیی چەندان نووسەر و توێژەر ئاشنا بیت.

سورەییا مام قادری، خوێنەرێکی دیکەی ئامادەی بەرنامەکە، دەڵێت: بەڕای من  کەسێک کە کتێب دەخوێنێتەوە، ڕوانینی بۆ دنیا جیاوازتر دەبێت؛ یانی دنیا جوانتر دەبینێت. هەر کتێبێک بەرهەمی ئەندێشە و ئەزموون و کەسانێکە کە ئێمە دەتوانین کەڵکی لێ وەربگرین. ئێمە لێرە کۆبووینەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر ئاوڕ لە کتێب و کتێخانەکانمان بدەینەوە کە زۆر لێمان نامۆ بوونە.

حەسەن سالاری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کتێبخانە گشتییەکانی مەهاباد، بە ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا'ـی ڕاگەیاند "ئەمساڵ ڕێژە خوێندنەوەی کتێب و وەرگرتنی کتێب لە کتێبخانە گشتییەکان بەراورد بە ساڵانی پێشوو %30  زیادی کردووە."

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment