ئەگەری دیداری کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ ئۆجەلان مشتومڕی لێکەوتەوە

لە تورکیا، باس لە دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی دەکرێت کە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی، ئەگەری دیدارکردنی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). ئەم پرسە کاردانەوەی جیاوازی لەنێو پارتە سیاسییەکاندا دروست کردووە.

مەهەپە: "پێویستە کۆمیسیۆنەکە بچێتە ئیمرالی"

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی مەهەپە، کە هاوپەیمانی سەرەکیی ئاک پارتییە، بە ڕاشکاوی داوای کردووە کە کۆمیسیۆنەکە سەردانی ئیمرالی بکات و ڕاستەوخۆ پەیامە پێویستەکان لە خودی ئۆجەلانەوە وەربگرێت. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە مەهەپە ئامادەیە نوێنەری خۆی بۆ ئەو شاندە بنێرێت.

دەم پارتی: "گوێگرتن لە ئۆجەلان بۆ قۆناغەکە گرنگە"

لەلایەن خۆیەوە، "دەم پارتی" پێداگری لەسەر پێویستیی دیدارەکە دەکات. ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند: "کورد داوا دەکات گوێ لە ئۆجەلان بگیرێت و پێشنیازەکانی وەربگیرێن، چونکە ئەو ئەکتەرێکی سەرەکیی ئەم قۆناغەیە. گوتیشی: پێویستە کۆمیسیۆنەکە سەردانەکە بکات و دید و بۆچوونی ئۆجەلان وەربگرێت.

جەهەپە و پارتەکانی دیکە

پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنە، هێشتا هەڵوێستی کۆتایی خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە. ئۆنور کۆنورئالپ، پەرلەمانتاری جەهەپە، ڕایگەیاند تاوەکوو ئێستا هیچ پێشنیازێکی فەرمی بۆ ئەم دیدارە نەخراوەتە ڕوو، بەڵام ئەگەر پێشنیازێکی لەو شێوەیە بێتە ئاراوە، ئەوا دەستە و ناوەندە پەیوەندیدارەکانی پارتەکەیان هەڵیدەسەنگێنن و بڕیاری لەسەر دەدەن.

لە بەرانبەردا، پارتەکانی وەک یەنیدەن ڕەفاح، پارتی دیموکرات و پارتی چەپی دیموکراتیک دژایەتیی خۆیان بۆ هەر جۆرە دیدارێک لەگەڵ ئۆجەلان دەربڕیوە.

هەڵوێستی ئاک پارتی

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) کە پارتی دەسەڵاتدارە، دیدارکردن لەگەڵ ئۆجەلان بە پێویستی نازانێت، بەڵام ڕایگەیاندووە، ئەگەر کۆمیسیۆنەکە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات، ئەوا ڕێگری لێ ناکەن. هاوکات جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە هەستیاریی کۆمەڵگە لەبەرچاو دەگیرێت و دەبێت کات و شێوازی دیدارەکە بە وردی دیاری بکرێت.

کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان

بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممەش، 04ی تشرینی دووەمی 2025، لەدەم پارتی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. و بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان "زۆر ئەرێنیی بووە و نزیکەی سێ کاتژمێری خایاندووە." ئاماژە بەوەش کراوە، هەر دوو لا گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێک کردووە، گرنگترینیان، دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا.

شاندی ئیمراڵی چەند خاڵێکی گرنگیان خستەڕوو کە تێیدا جەخت لەسەر چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و تورک دەکەنەوە؛ هاوکات بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی، پێویستە گرنگییەکی زیاتر بە لایەنی مێژوویی و کۆمەڵناسی بدرێت.

شاندەکە دووپاتی کردووەتەوە کە دەبێت هەنگاوەکان بە شێوەیەک بن کە چارەسەری کێشە هەنووکەییەکانیش لەخۆبگرێت و ڕێگا بۆ چارەسەرێکی گشتگیر خۆش بکات. هاوکات داوای کردووە، پرسی کورد بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە لە چوارچێوەی یاسای کۆماری تورکیادا جێگەی بکرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە، پێشنیازی دامەزراندنی پرۆسەیەکی ڕاگوزەری بەهێز کراوە کە وەک بناغەیەک بۆ چارەسەری یاسایی و دەستووری کار بکات. ئەم هەنگاوە بە پێویست زانراوە بۆ بەهێزکردنی کۆماری دیموکرات و مسۆگەرکردنی مافەکان.

 

 
Fly Erbil Advertisment