پۆلیسی ئوسترالیا بەدواداچوون بۆ یەک ملیۆن بەڵگەی گێچەڵی سێکسی بە منداڵان دەکات

پۆلیسی ئوسترالیا دەستگیرکردنی گومانلێکراوێکی ڕاگەیاند و بڵاوی کردووەتەوە، لە شاری سیدنی لەسەر بنەمای چەند ماددەیەکی یاسایی پەیوەندیدار بە گێچەڵی سێکسی و هەراسانکردنی منداڵان، ئەو گومانلێکراوەیان دەستگیرکردووە، ئاماژەشیداوە، هەر لەمبارەوە بەدواداچوون بۆ یەک ملیۆن بەڵگەی ئەلیکترۆنی دەکەن، کە لە ماڵی دەستگیراوەکە دۆزراوەتەوە.
پۆلیسی ئوسترالیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی ئەیلوولی 2025 هەواڵی دەستگیرکردنی گومانلێکراوەکەی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، تۆمەتبارەکە لە بواری چاودێری منداڵاندا کاری کردووە و لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا، تۆمەتی بەرهەمهێنانی بابەتی هەراسانکردنی منداڵانی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە خراوەتە پاڵ.
هەروەها دوای چوونە سەر ماڵەکەی، پۆلیس لە کاتی پشکنیندا، بڕێکی زۆری بەڵگەی ئەلیکترۆنیان لە نێو ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تۆمەتبارەکەدا دۆزیوەتەوە.
لیوک نیدهام، سەرپەرشتیاری بەشی لێکۆڵینەوە لە پۆلیسی فیدراڵیی ئوسترالیا دەڵێت، نزیکەی 1.4 ملیۆن بەڵگە (فایلی ئەلیکترۆنی) کە لەسەر ئامێرەکاندا هەڵگیرا بوون، دۆزرانەوە و 550 هەزاریان وێنەی تایبەت بوون.
هەروەها لیوک ڕاشیگەیاند، ژمارەی فایلە ئەلیکترۆنییەکان هێشتا قەبارەی تاوانەکە نیشان نادەن، بەڵام پۆلیس بە شێوازێکی سیستەماتیک بەدواداچوون بۆ بەڵگە و فایلەکان دەکات.
هەر لەمبارەوە ڕۆژنامەی سیدنی مۆرنینگ هیرالد بڵاوی کردووەتەوە، تا ئێستا ژمارەی تەواوی فایلەکان کە تۆمەتبارەکە دەستاودەستی پێکردوون و لە ڕێگەی بەکارهێنانی کار و ئەرکەکەیەوە تۆماری کردوون، ئاشکرا نەبووە.
ڕۆژنامەکە ڕاشیگەیاندووە، تۆمەتبارەکە بۆ زیاتر لە یەک دەیە لە بواری ناوەندی جۆراوجۆری تایبەت بە چاودێری منداڵان لە سیدنی کاری کردووە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا، زنجیرە کەیسێکی تایبەت بە هەراسانکردن و گێچەڵی سێکسی منداڵان لە ناوەندەکانی چاودێری منداڵان لە ئوسترالیا ئاشکرا بوون.
لە لایەکی دیکەشەوە ئەمساڵ ناوەندی تەندروستیی ویلایەتی ڤیکتۆریا، داوای پشکنینی نەخۆشییە گوازراوەکان لەڕێگەی سێکسەوە بۆ 1200 منداڵی نێو ناوەندەکانی چاودێری منداڵاندا کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی بەدواداچوونی کەیسی جۆشوا دیل براون، کارمەندی ناوەندێکی چاودێری منداڵان، کە بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵانی ناوەندەکە تۆمەتبار کرابوو.