ئێران؛ کرێی کرێکارێک تەنیا بەشی نانی وشک دەکات

چەند کرێکارێک لەبەردەم تونێلی کانێکی خەڵووزدا
چەند کرێکارێک لەبەردەم تونێلی کانێکی خەڵووزدا

کرێکارانی ئێران، بەدەست فشاری گرانی و بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخی کاڵا و کەمیی کرێی کار و داهاتەوە گیرۆدەن.

چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، چەند کرێکارێکی ئێرانی لە شارە جیاوازەکانی ئێرانەوە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئیندیپێندێنت فارسی، باسیان لە قووڵبوونەوەی قەیرانەکان لە مانگەکانی ڕابردوودا کردووە دەڵێن"بەهۆی بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی کاڵا سەرەکییەکان و نزمی کرێی مانگانەیان لە پێنج مانگی ڕابردوودا، ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە، لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکانیان دەستەوەسانن."

نرخی بەرز و داهاتی کەم

لە ‌تاران، کرێکارێک کە لە کارگەیەکی جلوبەرگ کار دەکات، دەڵێت: مووچەکەمان هەر ئەوەیە کە لە سەرەتای ساڵ وەرمانگرتووە و لەگەڵ ئەم هەموو گرانبوون و هەڵاوسانەدا، هیچ هەواڵێک لەبارەی زیادکردنی مووچەوە نییە. کرێی خانوو، نرخی خواردن و خواردنەوە و تەنانەت بلیتی پاس و میترۆش چەند بەرانبەر گران بوونە.

دەشڵێت" ئێستا دەبێت 70%ی مووچەکەم بدەم بە کرێی خانوو. ئەوەشی کە دەمێنێتەوە، نزیکەی پێنج ملیۆن تومەنە، دەبێت خەرجییەکانی خواردن، پۆشاک، چارەسەری پزیشکی و قوتابخانەی منداڵەکەشم پێ دابین بکەم. ئەمەش پێی دەگوترێت گوزەران؟ مەگەر تەنیا هەر نانی وشک بخۆین، ئەوەتا نانیش %100 گران بووە."

لە سەوادکوهی مازەندەران، کرێکارێکی کانی خەڵووز، بە نیگەرانییەوە دەڵێت: هاوسەرەکەم ژنی ماڵەوەیە و دوو منداڵی قوتابیم هەیە. ئەمساڵ نزیکەی پێنج ملیۆن تومەنم بۆ کڕینی پێداویستییەکانی قوتابخانە خەرج کردووە. هێشتا تێچووی جلوبەرگی قوتابخانە و جانتا و پێڵاو ماون، بیانکڕم، سەرباری ئەمانەش کرێی هاتوچۆی قوتابخانەش دەمێنێت! 

لە ‌ئیسفەهان، کرێکارێکی بیناسازی بە دەنگێکی ماندوو و پڕ لە حەسرەتەوە دەڵێت: "پێشتر گۆشت و مریشک بۆ ئێمە کاڵایەکی بە بەها و گران بوو، بەڵام ئێستا هێلکە و فاسۆلیا و پەتاتەش هەمان دۆخیان هەیە. تا چەند ساڵێک لەمەوبەر لانیکەم، هەفتەی جارێک کیلۆیەک گۆشتی سوورمان دەکڕی، بەڵام ئێستا مانگێ جارێکیش ناتوانین بیکڕین. مریشکیش گران بووە؛ خاوەن خانووەکەم ئاگاداری کردوومەتەوە ئەگەر تا کۆتایی مانگ کرێکەی نەدەم، دەبێت خانووەکەی بۆ چۆڵ بکەم."

کرێکارانی بەندەر عەباس، بارودۆخێکی جیاواز، بەڵام هەروا سەختیان هەیە. یەکێکیان دەڵێت: "کەشی ئێرە گەرمە و ژیان بەبێ فێنککەرەوە ئەستەمە. بەڵام پسوولەی کارەبای هاوین پشتی شکاندووین. کاتێک مووچە هیچ زیادی نەکردووە و نرخەکانیش ڕۆژ بە ڕۆژ بەرزدەبنەوە، مرۆڤ بەڕاستی نازانێت چی بکات. زۆر کەس لێرە منداڵەکانیان لە قوتابخانە دەردەهێنن، چونکە ناتوانن خەرجییەکان دابین بکەن و ناچار، منداڵەکان دەنێرن بۆ سەر کار تا یارمەتی بژێوی ماڵەوە بدەن."

بێهیوایی منداڵان

لە ‌ئەراک، یەکێک لە کرێکارانی کارگەیەکی دروستکردنی پارچەی ئۆتۆمبێل، باس لە کاریگەری ڕاستەوخۆی گرانیی لەسەر باری دەروونی خێزانەکەی دەکات و دەڵێت: "کچەکەم پۆلی یەکەمی ناوەندییە، بەڵام ئێستا حەز ناکات بچێتە قوتابخانە. دەڵێت فڵانە هاوڕێم مۆبایلی باش و جلوبەرگی نوێی هەیە، بەڵام ئەم دەبێت بە مۆبایلی بەکارهاتوو و جلوبەرگی کۆنەوە بچێتە قوتابخانە. کاتێک منداڵان هەست بەم فشارە دەروونییە دەکەن، منی باوک هەست بە بێدەسەڵاتی دەکەم."

لە قەزوینیش کرێکارێکی یەکەیەکی پیشەسازی ئاماژە بە کێشەی نیشتەجێبوون دەکات و دەڵێت: "ساڵی ڕابردوو پێنج ملیۆن تومەن کرێم دەدا، بەڵام ئێستا خاوەن خانووەکەم دەڵێت، دەبێت 10 ملیۆن تومەن بدەم، لە کاتێکدا مووچەکەم لە 15 ملیۆن تومەن زیاتر نییە. لە بەیانییەوە تا ئێوارە کار دەکەم، بەڵام هێشتا توانای دابینکردنی کرێی خانوو و خەرجیی خوێندنی منداڵەکانمم نییە."

لە ئەهواز، کرێکارێکی پیشەسازیی پۆڵا دەڵێت: "منداڵەکەم نەخۆشیی تەنگەنەفەسی (ئاسم) هەیە و هەموو مانگێک دەبێت پارە بۆ دەرمان و پزیشک خەرج بکەم.. ئێستا کە نرخەکان بەرزبوونەتەوە، تەنانەت توانای کڕینی دەرمانیشم نییە. ژیانی ئێمە تەنها بە قەرز و شەرمەزارییەوە بەڕێ دەچێت. تا کەی دەتوانین بەرگە بگرین؟"

قسەی ئەم کرێکارانە، وێنەیەکی هاوبەشی دۆخێکی نالەباری ئابوورین کە سەرتاسەری ئێرانی گرتووەتەوە؛ کرێی خانوو، خەرجی خۆراک، پۆشاک و خوێندنی منداڵان هەموو بوونەتە کێشەی گەورە و باری سەرشانی کرێکارانیان هێندەی دی سەخت کردووە.

بە گوێرەی ماڵپەڕی ئیقتساد ئۆنلاین، ڕێژەی هەژاریی لە ئێران، ساڵی 2022، گەیشتووەتە نزیکەی 27 ملیۆن کەس کە یەکسانە بە %26  ی دانیشتووانەکەی.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment