سعوودیە زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوتی خاو بە سووریا دەبەخشێت

بە مەبەستی پاڵپشتیی دارایی سووریا دوای 14 ساڵ شەڕی بەردەوام لە وڵاتەکەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، 11ی ئەیلوولی 2025، سعوودیە بڕیاریدا 1.65 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بە سووریا ببەخشێت.
بەپێی نرخی نەوتی ئێستا، ئەو بڕە نەوتەی سعوودیە کە بە سووریای بەخشی بە 110 ملیۆن دۆلار دەخەملێنرێت، بەپێی ماڵپەڕی گلۆبال فایەر پاوەر، ئەو بڕە نەوتە پێداویستی 12 ڕۆژی سووریا دابین دەکات.
هەروەها ئاژانسی میدیایی سعوودیە ڕایگەیاند: بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی پەرەپێدانی سعوودی یاداشتنامەیەکی لەو بارەیەوە لەگەڵ وەزیری وزەی سووریا، محەممەد بەشیر واژۆ کرد.
هەر لە دەستپێکی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، حکوومەتی نوێی سووریا هەوڵی ڕاکێشانی وەبەرهێنان دەدات بۆ وڵاتەکەی بە مەبەستی دووبارە بنیاتنانی ژێرخانەکەی کە لە ساڵی 2011ەوە بەهۆی شەڕەوە ڕووخێندرابوو.
مانگی ڕابردوو، سعوودیە ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرهێنانی لە سووریا بە گوژمەی 6.4 ملیار دۆلار ڕاگەیاند و ڕۆژی یەکشەممەش، پڕۆژەی پاککردنەوەی پاشماوەی جەنگ لە دیمەشق و دەوروبەری، هەروەها نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە و قوتابخانەکانی ڕاگەیاند.