عەباس عراقچی: ماددەی یۆرانیۆمی پیتێنراومان له‌ژێر پاشماوه‌ی دامەزراوە ئەتۆمییە وێرانبووه‌كانماندایه‌

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ماددەی یۆرانیۆمی پیتێنراو له‌ژێر پاشماوه‌ی دامەزراوە ئەتۆمییەکاندایە کە لە شەڕی 12 ڕۆژه‌ لەگەڵ ئیسرائیلدا، کراونه‌تە ئامانج.

پێنجشه‌ممه‌، 11ـی ئه‌یلوولی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ته‌واوی ماددەی یۆرانیۆمی پیتێنراویان له‌ژێر پاشماوه‌ی دامەزراوە ئەتۆمییەکاندایە کە لە شەڕی 12 ڕۆژه‌ لەگەڵ ئیسرائیلدا، به‌ ئامانج گیران.

عەباس عراقچی گوتووشیه‌تی، ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران بە مەبەستی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک بۆ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، هەڵسەنگاندن بۆ شوێن و چۆنیه‌تی گه‌یشتنیان به‌و ماددانه‌ دەکات.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

ئێران لە بەرانبەردا لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین باڵەخانە و خانوو، خاپوور بوون.

 
Fly Erbil Advertisment