باڵیۆزی ئیسرائیل: قەتەر پەناگەی تیرۆریستانە

دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، قەتەری بە دابینکردنی پەناگە بۆ تیرۆریستان تۆمەتبار کرد و جەختی کردەوە وڵاتەکەی لە هەر شوێنێک بن لە دژی "سەرکردە تیرۆریستییەکان" هەنگاو دەنێت.
دانۆن بە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕاگەیاندووە، "هیچ پارێزبەندییەک بۆ تیرۆریستان نییە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە داڕێژەری تیرۆر بوون". گوتیشی: "قەتەر دەبێ ئەو کارەی حەماس ئیدانە بکات و ئەندامەکانی دەربکات." جەختیشی کردەوە ئیسرائیل "لە تونێل و هۆتێلەکاندا بەدوای تیرۆردا دەگەڕێت."
دانۆن لە وتارەکەیدا جەختی کردەوە "حەماس هیچ پەلەیەکی نییە لە کۆتاییهێنان بە شەڕ و گرنگی بە دانیشتوانی غەززە نادات." ڕوونیشی کردەوە "بەهۆی ئەو کارە دڕندانەیەی حەماسەوە ڕۆژانە کەسوکاری بارمتەکان لە غەززە ئازار دەچێژن." جەختیشی لەوە کردەوە، ئیسرائیل "پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە قبوڵکرد، بەڵام حەماس ڕەتیکردەوە."
لە بەرامبەردا، ئەنجوومەنی ئاسایش هێرشەکانی سەر قەتەری شەرمەزار کرد و ئاماژەی بە ئامانجکردنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحە لەلایەن ئیسرائیلەوە کرد، بەبێ ئەوەی ناوی دەوڵەتی جوو بخاتەڕوو. لە بەیاننامەکەدا کە پێویستی بە ڕەزامەندی سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەن هەیە، بە ئەمەریکاشەوە کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئیسرائیلە، ئەو 15 وڵاتە "ئیدانەکردنی لێدانەکانی ئەم دواییەی دەوحە، ناوبژیوانێکی سەرەکی"یان دەربڕی لە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە، هەروەها "پشتیوانی خۆیان بۆ سەروەری قەتەر و یەکپارچەیی خاکی قەتەر" دووپات کردەوە.
ئەندامانی ئەنجوومەنەکە داوای "کەمکردنەوەی توندوتیژی"یان کرد، "هاودەنگی خۆیان لەگەڵ قەتەر" دەربڕی و جەختیان لە "ڕۆڵی گرنگی شانبەشانی میسر و ئەمەریکا لە هەوڵەکانی نێوەندگیری لە ناوچەکەدا کردەوە". ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەدا "ئازادکردنی بارمتەکان، لەنێویاندا ئەوانەی لەلایەن حەماسەوە کوژراون، و کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئازارەکان لە غەززە دەبێت وەک یەکەمایەتی سەرەکی بمێنێتەوە".