بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوە سروشتییەکان لە شەقڵاوە تیمێک پێکهێندرا

تیمی وەڵامدانەوەی خێرا لە شەقڵاوە دادەمەزرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوە سروشتییەکان.
ئەمڕۆ هەینی، 12ـی ئابی 2025، کاروان کەریم خان، قایمقامی شەقڵاوە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕیار دراوە بە دامەزراندنی تیمی دووەمی وەڵامدانەوەی خێرا لە سنووری قایمقامیەتی شەقڵاوە، ئەمەش دوای ئەوەی تیمێکی هاوشێوە لە هەولێر بە سەرکەوتوویی کارەکانیان ئەنجامداوە.
قایمقامی شەقڵاوە ئاماژەی بەوەدا، پێشتر ئامادەکاری پێشوەختەیان بۆ ئەم بابەتە کردووە وەک: ڕێگریکردن لە زیادبوونی زیانەکان لە ڕووداوە سروشتییەکان یان دۆخی قەیران، دروستکردنی تیمی سەلامەتی تایبەت بە باڵەخانە و لیژنەی دۆخی قەیران. هۆکاری سەرەکی دامەزراندنی ئەم تیمەش بۆ پێشخستنی خێرایی فریاگوزاری لە سنوورەکە دەگەڕێتەوە.
دەشڵێت: ئەم تیمە سنووری شارۆچکەی شەقڵاوە، شارۆچکەی هەیر و گوندەکانی دەگرێتەوە، بە ئامانجی ئەوەی بتوانن بەخێرایی و زووتر بگەنە شوێنی ڕووداوەکان، بەتایبەت ڕووداوە سروشتییەکان، بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست.
کاروان کەریم خان، ڕاشیگەیاند، تیمەکە پێکدێت لە نزیکەی 25 کەس؛ 15 کەسیان کارمەندی حکوومەتن و شارەزاییان هەیە و دواتر ڕاهێنانی زیاتریان پێدەکرێت، 10 کەسەکەی دیکەش بە خۆبەخش کاردەکەن و پێداویستییە پێویستەکانیان بۆ دابین دەکرێت.