لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێكی نوێ دەدات
بۆ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی
K24 - سلێمانی
ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بە سەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە دیوانی پارێزگای سلێمانیدا، بۆ هەڵسەنگاندن و دانانی ڕێنمایی و رێکاری نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، کۆبوونەوە.
لە خاڵێكی راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "لە هیچ فەرمانگە و دامەزراوەیەکی دەوڵەتیی و کەرتی تایبەت رێگا بە چوونە ژوورەوەی هیچ موراجیع و هاووڵاتیی و داواکارێک نادرێت ئەگەر پابەندی رێنمایی و رێکارە خۆپارێزیی و تەندروستییەکان نەبێت".
لیژنەی ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە: "کردنەوەی خوێندنگا و ناوەندە زانکۆییەکان لە هۆڵەکانی خوێندندا، بە مەرجی پابەندبوون بە رێنمایی و رێکارە تەندروستیەکانەوە بە پەسەند دەزانین و سەرپەرشتیارانی کارگێڕی و پەروەردەیی رادەسپێررێن بۆ چاودێریکردنی پابەندبوونی ناوەندەکانی خوێندن بەم رێنمایی و رێکارانەوە".
دەقی بڕیارەكان"..
١-پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی دابینکردنی موچە و بودجە و شایستە داراییەکانی دامەزراوە دەوڵەتیەکان بێت بەتایبەتی کەرتی تەندروستی و پەروەردەو هێزەکانی ناوخۆو فەرمانگا خزمەتگوزارییەکان، بۆئەوەی بتوانن خزمەت بە هاووڵاتیان پێشکەش بکەن و بەرەنگاری کۆرۆنا ببنەوە.
٢-پێویستە لەسەر هەر هاووڵاتییەک خۆی خۆی بپارێزێت و پابەندی تەواوی ڕێنمایی و ڕێکارە خۆپارێزیی و تەندروستیەکان بێت.
٣-هەموو سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و بەرپرس و بەڕێوەبەری فەرمانگاکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت ڕاسپێردراون بە چاودێریکردن و بەدواداچوونی وردی پابەندبوونی تەواوی فەرمانبەرو کارمەندانی فەرمانگە و دامەزراوەکانیان بە رێنمایی و رێکارە خۆپارێزیی و تەندروستیەکانەوە.
٤- لە هیچ فەرمانگاو دامەزراوەیەکی دەوڵەتیی و کەرتی تایبەت ڕێگا بە چوونە ژوورەوەی هیچ موراجیع و هاووڵاتیی و داواکارێک نادرێت ئەگەر پابەندی ڕێنمایی و ڕێکارە خۆپارێزیی و تەندروستیەکان نەبێت.
٥-لیژنە هاوبەشەکانی یەکە کارگێڕییەکان و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون و چاودێری ورد بۆ جێبەجێکردنی ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستیەکان دەکەن لە شوێنە گشتیەکانداو هەر شوێنێک پابەند نەبێت دادەخرێت و سزای دارایی دەدرێت.
٦-کردنەوەی خوێندنگا و ناوەندە زانکۆییەکان لە هۆڵەکانی خوێندندا، بە مەرجی پابەندبوون بە رێنمایی و رێکارە تەندروستیەکانەوە بە پەسەند دەزانین و سەرپەرشتیارانی کارگێڕی و پەروەردەیی رادەسپێررێن بۆ چاودێریکردنی پابەندبوونی ناوەندەکانی خوێندن بەم ڕێنمایی و ڕێکارانەوە.
٧-دانانی پرسەو چوونە سەرقەبران و مەولودو بۆنە ئایینیەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەن و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی بە هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر چاودێری ئەم ڕێکارە دەکات.
٨-بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی بە هەماهەنگیی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، ڕاسپێردراون بۆ دەرمانپژکردنی مزگەوتەکانی ناوبازاڕو ئەو فەرمانگاو شوێنە گشتیانەی پەتاکەی تێدا بڵاوبۆتەوە، یان مەترسیی بڵاوبوونەوەی لێدەکرێت.
٩-کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەرکی مرۆیی و تەندروستی و نیشتمانیانەی خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بۆ ماسکبەستن ببینن و بەشداربن لە هەڵمەتی خۆپارێزییدا.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
١٣ / ١٠ / ٢٠٢٠