هۆشیار زێباری: عێراق پێویستی بە یاسا و دادگا هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیاکان

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: عێراق پێویستی بە یاسا و دادگا هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیا و لە یاسا دەرچووان.
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی( ناشناڵ) ڕایگەیاند: عێراق دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت، ئێستا دۆخی ئەمنی لە تەواوی عێراق باشترە و هێرشی تیرۆریستی کەمتر بووەتەوە، بۆیە دەتوانێت وەبەرهێنەری بیانی ڕابکێشێت.
زێباری ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخی عێراق هاندەر بووە بۆ کۆمپانیاکانی ئەمەریکا بەتایبەتی لە بواری نەوت، بێنە عێراق و وەبەرهێنان بکەن.
سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستانیش، هۆشیار زێباری دەڵێت: حکوومەتی عێراق نیازێکی پاکی هەیە و لێکۆڵینەوەی کردووە، بەڵام دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، بکەرانی هێرشە درۆنییەکانی ئاشکرا نەکردووە.
ئاشکراشیکرد، عێراق لە هەموو شتێک زیاتر، پێویستی بە ژینگەیەکی باش و ئارام هەیە بۆ وەبەرهێنەران، هەروەها پێویستی بە یاسا و دادگا هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیا و لە یاسا دەرچووەکان.