نزیکەی 930 هەزار منداڵی ئێرانی لە خوێندن دابڕاون

دیمەنی گیانلەدەستدانی پێنج منداڵی کرێکار لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە نزیک شاری مەشهەد، جارێکی دیکە باری خراپی گوزەرانی منداڵانی ناوچە پشتگوێخراوەکانی ئێران نیشان دەدات. ئەوانە منداڵی تەمەن کەمتر لە 15 ساڵ بوون و بۆ چنینی زەعفەران دەچوون، بەڵام هەرگیز نەگەیشتنە شوێنی کارەکەیان.
ماڵپەڕی هەواڵی 'ئیلنا' ڕاپۆرتێکی دەربارەی ژیان و گوزەرانی منداڵانی ناوچە هەژارنشینەکانی ئێران بڵاو کردووەتەوە، تێیدا هاتووە "زۆربەی منداڵانی ئەو ناوچانە، بۆ دابینکردنی بژێوی، ناچارن دەستبەرداری خوێندن ببن و لە سەختترین بارودۆخدا کاری قورس بکەن. قوربانیانی ڕووداوەکەی مەشهەد، شایەتییەکی دڵتەزێنی ئەو ڕاستییەیە"
بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری
منداڵانی کرێکاران و گوندنشینان و ئەوانەی لە قەراغ شارەکاندا دەژین، پێش هەموو شتێک لە قوتابخانە و پێداویستیی خوێندن و پەروەردەی گونجاو بێبەشن، ئەمەش وایکردووە ناچار، واز لە خوێندن بهێنن و کرێکاری بکەن. لەم ساڵانەی دواییدا، دیاردەی 'منداڵانی کرێکاری کۆچبەر' کە بە تەنیا، یان لەگەڵ خێزانەکانیاندا ناوچەکانی خۆیان بۆ شارەگەورەکانی ئێران بەجێ دەهێڵن، زۆرتر بووە.
بە گوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی پەروەردە و فێرکرنی ئێران، لە ساڵی خوێندنی (2022-2023)دا، 902 هەزار و 188 منداڵ لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا، وازیان لە خوێندن هێناوە، ئەم ژمارەیە لە ساڵی خوێندنی 2023-2024، گەیشتووەتە 928 هەزار و 729 منداڵ. ئەمە تەنیا ژمارەی ئەو منداڵانەیە کە ناسنامە و تۆماری ڕەسمییان هەیە، واتە ژمارەی گشتیی ئەو منداڵانە زۆر لەوەی ڕاگەیەنراوە، زیاترە.
لە کاتێکدا تێچووی خواردن و خواردنەوەی مانگانەی خێزانێکی کرێکاریی چوار کەسی، دوو بەرانبەری داهاتی مانگانەی دیاری کراوی کرێکارانە لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای کار و لە ناوچە دوورەدەستەکاندا، هەقدەستی کرێکاران زۆر کەمترە لەوەی ئەنجوومەنەکە دیاری کردووە؛ هەروا نەبوونی کار و داخرانی زۆربەی کارگەکانی پارێزگای سیستان بەلوجستان، هەموو ئەمانە هۆی سەرەکی دابڕانی منداڵانن لە خوێندن؛ چونکە لەو بارودۆخە سەختەدا، ئەوان توانای دابینکردنی تێچووی خوێندنی منداڵەکانیان نییە.
کەمینە و زۆرینە
مازیار گەیلانی نەژاد، چالاکوان، دەڵێت: لە کاتێکدا قوتابخانەی نوێ و پێشکەوتوو بۆ منداڵانی دەوڵەمەندان لە تاران بەردەستە؛ بەڵام منداڵانی ناوچە دوورەدەست و بێخزمەتگوزارییەکان، ئێستاش بە جل و پێڵاوی کۆنەوە لە قوتابخانە کەپرییەکاندا دەخوێنن و ناچارن بۆ گەیشتنە قوتابخانە، ڕێگەیەکی دوور ببڕن و لە ڕووبارەکان بپەڕنەوە، ئەمە نیشانەی نابەرابەری و جیاوازیی نێوان چینەکان دەردەخات.
ئەو چالاکوانە، گوتیشی: لە کۆمەڵگەیەکدا کە منداڵانی کەمینەیەک، لە خۆشی ئارامیدا دەژین، لە باشترین قوتابخانەدا دەخوێنن و پەروەردە دەکرێن، کەچی زۆرینەی منداڵانی هەمان کۆمەڵگە ناچار بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی برسییەتی و دابینکردنی پاروویەک نان، لە سەختترین هەلومەرجدا کرێکاری بکەن، ئەمە تەنیا نابەرابەریی نییە، بەڵکوو نیشانەی ئەوەیە داهاتی دەوڵەمەندان لەسەر ڕەنج و ماندوویەتیی زۆرینە دابین کراوە.
گەیلانی نەژاد، هەروا دەڵێت: ئەو کرێکارانەی بۆ وەدەستهێنانی پاروویەک نان لە کارگە و مەزراکاندا کار دەکەن، لە لایەن خەڵکانی دیکەوە داهاتوویان دیاری دەکرێت. ئەوان بۆ پەیداکردنی کار، مەودایەکی زۆر لە زێدی خۆیان دوور دەکەونەوە، دیمەنی جەستەی خوێناوی منداڵە قوربانییەکانی مەشهد، سەلمێنەری ڕاستیی ئەو واقیعە تاڵەیە.
گەیلانی نەژاد، لە کوتاییدا گوتی: دەبێ داهاتووی منداڵانی کرێکاران، ئەوانەی بە سکی برسییەوە لەسەر خۆڵ و خاکی قوتابخانە کەپرییەکاندا دادەنیشن و دەخوێنن یان بە دەستە بچووکەکانیان لە کارگە ومەزارکاندا کار دەکەن، چی بێت؟