زیا کەریم: تا ئێستا 81 گۆڕی بە کۆمەڵ لە عێراق هەڵدراونەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە دامەزراوەی شەهیدان له‌ حکوومەتی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند، 81 گۆڕی بە کۆمەڵیان هەڵداوەتەوە و پرۆسەی گەڕان بە دوای دۆزینەوەی شوێنی دیکەش بەردەوامە، چونکە ژمارەی گۆرە دۆزراوەکان کەمترە لە ژمارەی قوربانییەکان؛ هاوكات داوا ده‌كات، دادگاییکردنی تاوانبارانی ڕژێمی بەعس تەواو بکرێت.

زیا کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە دامەزراوەی شەهیدان له‌ حکوومەتی فیدراڵی عێراق تایبەت بە كوردستان24 ڕایگەیاند: لە کۆی 98 شوێنی گۆڕی بەکۆمەڵ ،هەڵدانەوەی 81 شوێنیان تەواو بووە، کە 161 گۆڕی بە کۆمەڵی لەخۆ گرتووە.

گوتیشی: تا ئێستا تەنیا ئەو 98 شوێنە وەک گۆڕی بە کۆمەڵی تایبەت بە تاوانەکانی سەردەمی بەعس دیاریی کراون، 17 شوێنی دیکەش ماوە هەڵبدرێنەوە، گەڕان بە دوای دۆزینەوەی شوێنی دیکەش بەردەوامە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تەواوی ئەو شوێنانەی کە هەڵنەدراونەتەوە و شوێنەکانی دیکەش کە مێژووەکەیان بۆ دوای ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە، لە خشتەیەکی کاتیدا ڕێکخراون و بە هەماهەنگیی لەگەڵ هاوبەشانی نێودەوڵەتی و فەرمانگەی پزیشکی دادی، نەخشەسازی بۆ  هەڵدانەوە و کنە و پشکنینیان کراوە.

زیا کەریم هەروەها باسی له‌وه‌ كرد، تیمەکانیان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن لە گەڕان بە دوای دۆزینەوەی شوێن و گۆڕی دیکە، تاوەکوو هێندەی ژمارەی ئەو قوربانییانەی تۆمار کراون گۆڕ دەدۆزنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پشت بە تەکنیک و ڕێگای جیاواز وەک وێنەی ئاسمانی دەبەستن.

زیا کەریم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ کوردستان24 گوتی: بە داخەوە تا ئێستا ژمارەی گۆڕە دۆزراوەکان کەمترە لە ژمارەی قوربانییەکان، بۆ دۆزینەوەی گۆڕی زیاتر داوامان کردووە دەست بە دادگاییکردنی تاوانبارانی ڕژێمی بەعس بکرێتەوە، تاوەکوو بتوانین کار لەسەر ئەو گۆڕانەش بکەین کە هێشتا نەدۆزراونەتەوە.

لە دوای پرۆسەی ئازاکردنی عێراق له‌ سالی 2003، گەڕان بە دوای دۆزینەوەی گۆڕ و ناونیشانی ئەو کەسانەی لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕژیمی پێشووی عێراق لە چەندین تاوانی جیاواز و لە ژێر ناوی جۆراوجۆر جینۆساید و بێسەروشوێن کراون، یاخود لە گۆڕی بە کۆمەڵدا نێژراون، بەردەوامە. تەنیا لە پرۆسەی ئەنفالدا زیاتر لە 182 هەزار کەس لە نەتەوەی کورد شەهید کراون ئەمە جگە لە قوربانییەکانی پێکهاتەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەڵام هێشتا لایەنە پەیوەندیداره‌کان گۆڕی ئەو ژمارە زۆرەیان نەدۆزیوەتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment