خولی ئەستێرەكانی عێراق بە كۆمەڵێك گۆڕانكاری دەستی پێكرد

لە یەكەمین رۆژی خولەكە دوو یانەی كوردستانی رووبەڕووی دوو یانەی شاری بەغدا دەبنەوە

هاندەرانی نەورۆز گەیشتنە دهۆك بە هەڵپەركێ و شایی لەگەڵ هاندەرانی دهۆك دەستیان پێكرد. فۆتۆ: ئیسلام هیرۆ ـ كوردستان24
هاندەرانی نەورۆز گەیشتنە دهۆك بە هەڵپەركێ و شایی لەگەڵ هاندەرانی دهۆك دەستیان پێكرد. فۆتۆ: ئیسلام هیرۆ ـ كوردستان24

خولی ئەستێرەكانی عێراق بۆ وەرزی 2025 ـ 2026 دەستی پێكرد، لە یەكەمین رۆژی خولەكە دوو یانەی كوردستانی (زاخۆ و نەورۆز) رووبەڕووی دوو یانەی شاری بەغدا (تەڵەبە و كارەبا) دەبنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 13 ئەیلوولی 2025 بە فەرمی بۆ جاری 52ـەمین وەشانی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە مێژوودا بەڕێوە دەچێت، خولەكە بە یاریی نێوان ئەمانەی بەغدا و دیالە دەست پێ دەكات، دوو یاریی دیكەش لە كاتژمێر 08:30ـی ئەمشەو دەكرێن كە تێیدا لە نەورۆز لە یاریگەی دهۆك میوانداریی كارەبا دەكات، لە یارییەكی دیكەشدا زاخۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی تیپەكەی تەڵال بلووشی راهێنەری یانەی تەڵەبە دەبێتەوە.
لە خولی ئەستێرەكانی عێراقی ئەم وەرزە بۆ یەكەمجارە سەرجەم یانەكان ناچاركراون كە دەبێت پێش هەر یارییەك كۆنگرەی رۆژنامەوانی بكەن.
یەكەمین وەشانی خولی ئەستێرەكانی عێراق لە وەرزی 1974 ـ 1975 بوو، ئەوكات قوە جەوییە بووە پاڵەوان، لەوكاتەوە 51 وەرز بەڕێوە چووە و پێنج جاریش بە هۆكاری جیاواز خولەكە هەڵوەشاوەتەوە، یانەی زەورا بە 14 نازناو خاوەنی زۆرترین بردنەوەی نازناوی خولەكەیە، شورتە لە پلەی دووەم بە هەشت نازناو دێت، جەوییە بە 7 نازناو لە پلەی سێیەم و تەڵەبە بە پێنج نازناو لە پلەی چوارەم دێت، یانەی هەولێریش خاوەنی چوار نازناوی خولەكەیە، یانەكانی سەڵاحەدین، جەیش، مینا، نەفتی وەسەت و دهۆك هەریەكەیان نازناوێكی خولەكەیان بەدەستهێناوە.

 

 

 

 
 

Fly Erbil Advertisment