عراقچی: ئەورووپا مافی ئەوەی نییە میکانیزمی سزاکان چالاک بکات

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پشتڕاستی کردەوە، دانوستانەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (IAEA) لە چوارچێوەی بڕیارەکانی لیژنەی ئەتۆمی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیدا بوون. ئاماژەی بەوەشدا، یاداشتی لێکگەیشتنی قاهیرە بۆ سەرکردەکانی ئێران نێردراوە.

لە پەیامێکدا لە ئێکس، عراقچی دوای دانیشتنی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی پەرلەمان ڕایگەیاند، ئەورووپا "مافی ئەوەی نییە میکانیزمی دەستپێکردن" (trigger mechanism) کارا بکات، و بە "نایاسایی و ناشەرعی" وەسفی کرد.

جەختیشی کردەوە، ئێران لە هەلومەرجێکی نوێدا و بەگوێرەی یاسای پەرلەمان لەگەڵ ئاژانسەکە مامەڵەی کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، تاران چیتر ناتوانێت وەک پێشتر هاوکاریی تەواوی ئاژانسەکە بکات و ئێستا پێویستە میکانیزمێکی نوێ بۆ ئەم پرسە دابنرێت.

عراقچی ڕوونی کردەوە، دوای نزیکەی دوو بۆ سێ کاتژمێر گفتوگۆ لەگەڵ ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، گەیشتوونەتە لێکگەیشتن، و دوای تێکەڵکردنی تێبینییەکانی ئێران، دەقەکە بووەتە جێی قبوڵکراو. هەروەها ئاشکرای کرد، دانوستانە تەکنیکییەکان پێشتر لە سێ خولدا ئەنجام دراون.

بە وتەی عراقچی، ئاژانسەکە قبووڵی کردووە، هەلومەرجەکە دۆخێکی نوێی بۆ هاوکاریی لەگەڵ ئێران دروست کردووە و ڕازی بووە کە دەبێت نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێران لە چوارچێوەی ڕێکخستنە نوێیەکاندا لەبەرچاو بگرێت، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانییەوە هەیە.

عراقچی پێشتر ئەگەری ئەنجامدانی دیدارێکی دیکەی لەگەڵ کایا کاڵاس، نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتییی ئەورووپا ڕاگەیاندبوو. بە وتەی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، عراقچی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ئەمە بەندە بە بڕیارەکەی ئەورووپا.

لەلایەکی دیکەوە، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران، هۆشداری دا، یەکێک لە بژاردەکانی ئێران ئەگەر میکانیزمی دەستپێکەر چالاک بکرێت، کشانەوەیە لە پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT). ئەو ئاماژەی بەوەدا، بژاردەکانی ئێران "بەو شێوەیە سنووردار نین" و وڵاتەکەی خاوەنی "توانایەکی بەرچاوە کە لە کاتی گونجاودا کەڵکی لێ وەردەگرێت."

 لە قاهیرە، ڕێککەوتنێک لە نێوان عەباس عراقچی و ڕافائیل گرۆسی بە سەرپەرشتی بەدر عەبدول عەتی، وەزیری دەرەوەی میسر، سەبارەت بە ڕێگەی بەرەوپێشچوونی نێوان ئێران و ئاژانسەکە ئەنجامدرا. ئەمە دوای شەڕی 12ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماس دێت.

لە 28ـی ئاب، ترۆیکای ئەورووپی (فەڕەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا) پرۆسەیەکی 30 ڕۆژەیان دەستپێکرد بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا لەژێر "میکانیزمی سناپباک" (snapback mechanism)، واتە 'گەڕانەوەی سزاکان'، ئەگەر تاران هاوکاریی تەواو لەگەڵ ئاژانسەکە دەستپێنەکاتەوە، لەوانەش ڕێگەدان بە پشکنینەکان.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment