دادوەرێک: دۆناڵد ترەمپ ژمارەیەک کۆچبەری بە نایاسایی دیپۆرتکردووەتەوە

دادوەرێکی ئەمەریکی ڕایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ هەفتەی ڕابردوو بە ئەنقەست یاساکانی کۆچبەری پێشێل کردووە کاتێک کۆچبەرانی لە نەیجیریا و گامبیا گواستووەتەوە غانا.

دادوەر تانیا چوتکان، لە واشنتن دی سی، دوای ئەوەی پارێزەرانی هەندێک لە کۆچبەرەکان ڕایانگەیاند، پێشبینی دەکرێت کۆچبەران بگوازرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان، کە ترسیان لە ئەشکەنجەدانیان هەیە، دانیشتنێکی بەپەلەی ئەنجامدا.

دادوەر تانیا چوتکان ئاماژەی بەوەش کردووە،  پێدەچێت ئیدارەی ترەمپ ڕێککەوتنەکەی وەک ڕێگەیەک بۆ دەربازبوون لە مەرجە یاساییەکانی ئەمەریکا لە ناردنەوەی کۆچبەران داڕشتبێت.

دادوەرەکە گوتیشی "ئەم نیگەرانیانە لەسەر بنەمای پێشبینی نین، بەڵکو نیگەرانییەکی ڕاستەقینەن بۆ ئەوەی حکوومەتی ئەمەریکا ڕازی بێت بەوەی نابێت ئەو کۆچبەرانە بگەڕێنرێنەوە وڵاتەکانیان." 

چوتکان دەشڵێت: هێشتا ڕوون نییە چ ڕێوشوێنێک بگرنەبەر، یان ئایا دۆسیەکە دەبێ بخرێتە بەردەم دادوەرێکی بۆستن کە بەشیوەیەکی فراوانتر کار لەسەر دۆسیەکە بکات.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بەشێکە لە ستراتیژییەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ڕاگواستنی کۆچبەران بۆ "وڵاتانی سێیەم"، ئەم فشارخستنەی سەر کۆچبەران لە ئەمەریکا، نایاسایییەو بۆ ئەوەیە کۆچبەران ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.

جۆن درامانی مەهاما ، سەرۆکی غانا، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ وەرگرتنی کۆچبەرە دیپۆرتکراوەکانی ڕۆژئاوای ئەفریقا، پێشتریش 14 کەسی وەرگرتووە.

سکاڵایەک کە ڕۆژی هەینی بەناوی پێنج کۆچبەرەوە تۆمارکراوە دەڵێت لە سەنتەرێکی دەستبەسەرکردن لە لویزیانا بردراون و کەلەپچەکراون و خراونەتە ناو فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمەریکا بەبێ ئەوەی ئاگادار بکرێتەوە بۆ کوێ دەبرێن. هەر لە سکاڵاکە ئاماژە بەوەش کراوە، ماوەی 16 کاتژمێر لە ناو فڕۆکەکەدا دانراون.

لە سکاڵاکەدا هاتووە، ئەم پێنج کۆچبەرە پارێزبەندیی یاسایی ئەمەریکایان هەیە کە نابێت دیپۆرتی وڵاتەکانیان بکرێنەوە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment