کەناڵی ریال مەدرید: بۆچی ئێمە هەمیشە بە یاریزانی کەمتر لە بارسێلۆنا یاریی دەکەین؟
کەناڵی ریال مەدرید: لە چامپیۆنزلیگ چونکە دادپەرەوەری هەیە ئێمە باشترین

کەناڵی ریال مەدرید لەسەر راپۆرتە وروژێنەرەکانی لەبارەی بڕیارەکانی ناوبژیوانانی لالیگا بەردەوامە، دوای یارییەکەی ریال سۆسیداد کەناڵە مەدریدییەکە هێرشێکی توندی کردە سەر ناوبژیوانانی ئیسپانیا، لە راپۆرتێکیدا کەناڵەکەی میرەنگی دەڵێت: بۆچی دەبێت ئێمە هەمیشە لە لالیگا بە یاریزانی کەمتر لە بارسێلۆنا یاریی بکەین؟.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی سێپتێمبەر/ئەیلوولی 2025 راپۆرتێکی لەبارەی گلەیی و گازاندەکانی ریال مەدرید لە ناوبژیوانانی لالیگا بلاوکردووەتەوە، یانە مەدریدییەکە بڕیاریداوە سەرجەم ئەو بڕیارانەی لە وەرزی رابردوو و ئەم وەرزە پێیوایە لەلایەن ناوبژیوانانەوە لەدژی دراون، پێشکەشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی بکات بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ هەڵە بەردەوامەکانی ناوبژیوانانی لالیگا دابنرێت.
مارکا ئاشکرایکردووە، ریال مەدریدی چیدیکە بەرگە ناگرێت و بەرپرسانی یانەکە بڕیاریان داوە سەرجەم بەڵگەنامەکان کۆبکەنەوە و لە فیفا سکاڵا لەسەر ناوبژیوانانی لالیگا تۆمار بکەن، دوای کەیسی نێگرێرا یانە مەدریدییەکە بەردەوام گلەیی لە ناوبژیوانانی لالیگا دەکات، لەوەتەی وەرزی رابردووەوە لە زۆربەی یارییەکان یاریزانانی لۆس بلانکۆس خۆیان بە ستەملێکراو دەزانن.
#LoMásComentado El Madrid 'denunciará' ante la FIFA los arbitrajes sufridos la temporada pasada y en estas primeras jornadas
— MARCA (@marca) September 13, 2025
https://t.co/rcBihapkKe
کەناڵی ریال مەدرید لە راپۆرتێکیدا ناوبژیوانانی لالیگای بە لایەنگیریکردنی بارسێلۆنا هەژمار کردووە، کەناڵە مەدریدییەکە دەڵێت لە سەدەی بیست یەکەمدا بارسێلۆنا ژمارەی کارتە سوورەکانی یاریزانانی تیپی بەرامبەری لە ژمارەی کارتە سوورەکانی خۆی زۆرتر بوون، بەگوێرەی ئامارەکانی کەناڵەکە بارسا لە سەدەی بیست و یەکەم لە لالیگا لە 65 یاری بە یاریزانی زیاتر لەدژی یانەکانی دیکەی لالیگا یاریی کردووە، کەچی ریال مەدرید لەم ماوەیەدا نەک هەر ژمارەی یاریزانەکانی هێندەی تیپی بەرامبەر نەبوون، بەڵکو ژمارەی کارتە سوورەکانی لە تیپی بەرامبەر زیاتر بوون و لە دوو یاری ژمارەی یاریزانەکانی لە تیپی بەرامبەر کەمتر بوون.
کەناڵی ریال مەدرید هەر بەوەندەش نەوەستاوە و لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت: باشە، بۆ لە چامپیۆنزلیگ دۆخەکە جیاوازە؟ لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگ لە سەدەی بیست و یەکەمدا ریال مەدرید ژمارەی کارتە سوورەکانی بەراورد بە تیپەکانی رکابەری لە یارییەکان کەمتر بووە، ریال مەدرید +13 یاری ژمارەی یاریزانەکانی لە تیپی بەرامبەر زیاتر بوون و بارسێلۆناش تەنیا لە +12 ژمارەی یاریزانەکانی لە تیپی بەرامبەر زۆرتر بوون.
ریال مەدرید لە کەناڵەکەی دەشڵێت: لەوەتەی ساڵی 2000 یانەکەمان لە چامپیۆنزلیگ شەش نازناوی بەدەستهێناوە، کەچی لەو ماوەیە لە لالیگا تەنیا نۆ نازناومان بەدەستهێناوە. کەناڵەکەی ریال مەدرید لایەنگیری و پشتیوانی ناوبژیوانانی لالیگا بۆ بارسێلۆنای رکابەرییان بە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم بەراوردکارییە دەزانێت.

کەناڵی ریال مەدرید بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، پێشتر بارسێلۆنا ستایشی خێل مانزانۆی کردووە و بە نووسراو بڵاویکردووەتەوە، یانە کەتەلۆنییەکە داوای لە لێژنەی ناوبژیوانانی ئیسپانیا کردووە سوودی زیاتر لە مانزانۆ وەربگرن و بە ناوبژیوانێکی 'ئەزمووندار' لە قەڵەمی داوە، کە ئەو ناوبژیوانە دوێنێ شەممە یاریی ریال مەدرید و ریال سۆسیدادی بەڕێوەبرد، دین هاوسنی بە کارتی سوور کردە دەرەوە و گۆڵێکی ئاردا گولەریشی رەتکردەوە.
لەوەتەی کەیسی نێگرێرا ئاشکرابووە، کە جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوانانی لالیگا بە وەرگرتنی بەرتیل و بەرتیلدان بە چەند ناوبژیوانێکی لالیگا تۆمەتبار کراوە، رۆژ لەدوای رۆژ ریال مەدرید زیاتر متمانەی بە ناوبژیوانانی ئیسپانیا نامێنێت و بە لایەنگیری بارسێلۆنا تۆمەتباریان دەکات، تەنانەت وەرزی رابردوو فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەکە داوای گۆڕانکاریی لە لێژنەی ناوبژیوانان کرد.
🔥 El dato arbitral que indigna al Real Madrid y alimenta sus sospechas
— MARCA (@marca) September 14, 2025
👀 El club blanco desvela un saldo de expulsiones de +65 para el Barcelona y de -2 para el Madrid https://t.co/vmtReM2a1Q