حكومهتی عێراق: رەنگە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە وڵات کەمتر لە سێ ساڵی پێویست بێت
"ئەنجامی رێککەوتنەکەی ئەمەریکا و عێراق روونە"
K24 - هەولێر
گوتهبێژی حكومهتی عێراق رایگهیاند رەنگە هێزەکانی ئەمەریکا لەماوەی کەمتر لە سێ ساڵی داهاتوو، لە عێراق بکشێنەوە.
ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، دوێنێ (سێشەممە، 13-10-2020) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا ئەو وادەیەی دیاری کردووە.
مەلا تەڵاڵ لە کۆنگرەکەدا هەروەها گوتی "ئەنجامی رێککەوتنەکەی ئەمەریکا و عێراق روونە و لە چۆڵکردنی ژمارەیەکی زۆر بنکەی سەربازی ئەمەریکی لە عێراق دەردەکەوێت، ئەمەش پابەندییەکە لەنێوان هەردوولایەن کە لەجێبەجێکردندایە و رەنگە کەمتر لە سێ ساڵ بخایەنێت".
گەڕێکی دیکەی گفتوگۆی ستراتیژی لەنێوان ئەمەریکا و عێراق ئەنجامدەدرێت، مەلا تەڵاڵ دەڵێ "ئەو گەڕەی کۆبوونەوە بۆ تەواوکردنی سەرجەم هەنگاوەکانە، وەکو گەڕی یەکەم کە بە بازنەی داخراو بوو یان ئەوەی بەشێوەیەکی راستەوخۆ بوو، لە میانەی سەردانەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا".
بەپێی میدیای فەرمیی عێراق، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە مستەفا کازمیی گوتووە وڵاتەکەی پابەندە بە کشانەوەی خێرای هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش لە عێراقدا.
ئاژانسەکە لەسەر زاری ترەمپەوە هەروەها دەڵێ "ژمارەیەکی کەم سەربازی ئەمەریکی لە عێراقدا ماونەتەوە و زۆربەیانمان کشاندوونەتەوە، پابەندین بە دەرچوونی خێرا لەو وڵاتە، لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا".
هـ.ر.