پارێزەرانی ئۆجەلان گەیشتنە ئیمراڵی

شاندێک لە پارێزەرانی عەبدوڵلا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، کەمێک لەمەوبەر گەیشتنە زیندانی ئیمراڵی و لەگەڵ ئۆجەلان کۆ دەبنەوە.
بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی نزیک لە پەکەکە ئەمڕۆ دووشەممە 15ی ئەیلوولی 2025، شاندی پارێزەران کە چوونەتە ئیمراڵی لە جەنگیز یورەکلی، ڕازیە ئۆزتورک و ئیبراهیم بیلمەز پێکهاتوون و سەردانەکەشیان تایبەتە دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
بەگوێرەی زانیارییەکان سەردان و گفتوگۆکانی ئەمڕۆی شاندی پارێزەران لەگەڵ ئۆجەلان تایبەت دەبێت بە هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە هەر لەم هەفتەیەدا کۆمیسیۆنی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا دوو کۆبوونەوەی گرنگی هەبێت، کۆبوونەوەی یەکەمیان چوارشەممە لەگەڵ کەسانی ئەکادیمیا و مامۆستایانی زانکۆ دەبێت، پێنجشەممەش لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت، هەرچەندە ئەجێندا و کارنامەی کۆبوونەوەکان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام هەر پەیوەندی بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیاوە دەبێت.
پێشتریش پارێزەران ڕێزان ساریجا و نەورۆز ئویساڵ ئاسڵان، لە 7ی ئابی ئەمساڵ سەردانی ئیمراڵییان کرد و چاویان بە ئۆجەلان کەوت بوو.