بازرگانیی هەرێمی کوردستان: لە خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران ئاگادار نەکراوینەتەوە

هەرچەندە وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاندووە، پارەی ئەمساڵی جووتیاران بە هەرێمی کوردستانەوە لە لایەن وەزارەتی درایی فیدراڵەوە خەرج کراوە و بەمزووانە دابەش دەکرێت، بەڵام وەزارەتی بازرگانیی هەرێم ڕەتیدەکاتەوە، لە خەرجکردنی پارەکە ئاگادار کرابنەوە.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ نزیکەی دوو تریلیۆن دیناری وەک پارەی گەنمی جووتیارانی هەموو پارێزگاکان، خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان و بەمزووانە بەسەر جووتیاراندا دابەشی دەکەن.
دووشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هێندەی ئێمە ئاگادارین تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی گەنمی جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش نەچووەتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵ، تا بەسەر جووتیاراندا دابەشی بکەن."
نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی "ئەگەر پارەکە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵ، وەزارەتەکە سایلۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە، دواتر هەر جووتیارێک بەپێی ئەو بڕە گەنمەی ڕادەستی سایلۆکانی کردووە، پارەکەی وەردەگرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دووپاتی کردەوە "تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی ئاگادار نەکراوینەتەوە کە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج کراوە و ئایا بڕەکەی چەندە، چونکە چاوەڕێ دەکرێت پارەکە بە چەند گوژمەیەک دابەش بکرێت، نەک هەمووی پێکەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە، پارەی گەنمی بەشێکی پارێزگاکانی عێراق دراوە، چونکە زووتر دەستیان بە دروێنەی گەنمەکەیان کردووە، بەڵام پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا خەرج نەکراوە.
ئەم ساڵ حکوومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەرگرت، کە بەهاکەی 340 ملیار دینارە.
ئەو بڕە گەنمەی لە لای جووتیارانی هەرێمی کوردستان مابووەوە، لە لایەن هەردوو کۆمپانیای ناوخۆیی، "خۆشناو و قەیوان"ـەوە لە جووتیاران وەرگیرا.
لە 15ـی ئابـەوە، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە لایەن ئەو دوو کۆمپانیا ناوخۆییەوە کۆتایی هاتووە، نزیکەی 40 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە کراوە و هیچ بڕە گەنمێک لای جووتیاران نەماوە.