گوتەبێژی حکومەت: سبەی دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت
"(بەغدا) پشکی هەرێمی کوردستانی نەناردووە بۆ مانگەکانی پێنج، شەش و حەوت"
K24 - هەولێر
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەدوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، گوتەبێژی حکومەت ئاشکرای کرد "320 ملیار دینارەکە لە بەغدا گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و لە سبەیەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".
هەر لەبارەی مووچەوە، جوتیار عادل، گوتەبیژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئیمە زۆرجار باسمان کردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەولەوییەتییەتی مووچە دابەش بکات. ئێوە ئاگادارن لەمساڵدا جگە لە دابەشکردنی مووچەی بەیانی، ئێمە لە حکومەتی هەرێم 6 مووچەمان داوە لە ساڵی 2020".
سەبارەت بەو شایستە داراییەی لەسەر حکومەتی عێراقە، جوتیار عادل گوتی "بەڕاستی ئەوە کێشەی بۆ هەرێمی کوردستان دروستکردووە و، بۆ ئاگاداریی بەڕێزتان، (بەغدا) پشکی هەرێمی کوردستانی نەناردووە بۆ مانگەکانی پێنج، شەش و حەوت، کە ئەمەش وایکردووە مووچەی ئەم سێ مانگە بەوشێوەیە دوابکەوێت".