بۆچی نوێنەرایەتیی ئێران بەشداریی دەنگدانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی فەڵەستینی نەکرد؟

لە هەنگاوێکی سەرسوڕهێنەردا، نوێنەرایەتیی ئێران بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک نەکرد، کە ئامانج لە کۆبوونەوەکە دەنگدان بوو بە ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل.
سەباح زەنگەنە، شرۆڤەکاری سیاسیی ئێرانی، بەتایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هۆکاری ئامادەنەبوونی نوێنەرایەتیی ئێران بۆ کۆبوونەوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە پرسی فەڵەستین خراوەتە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان، و چەندین بڕیاری جیاجیا لەو بارەیەوە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و هەروەها ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە دەرکراوە، بەڵام ئیسرائیل بە هیچ جۆرێک پابەندی هیچ یەک لەو بڕیارانە نەبووە."
سەباح زەنگەنە دووپاتی کردەوە "هەر جۆرە کۆبوونەوەیەکی لەم جۆرە هیچ بەرهەمێکی نابێت و بەتایبەتیش بانگەوازی دروستکردنی دوو دەوڵەت پشتگوێخستنە بۆ پرسی فەڵەستین، چونکە ئیسرائیل پابەندی هیچ یەک لە بڕیارەکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان نەبووە."
بە گوتەی زەنگەنە "هۆکاری ڕاستەقینەی پشت بارودۆخی فەڵەستین بوونی قەوارەیەکی دەستکردە کە لەسەر بنەمای وڵات-گەل (Nation State) دروست نەبووە." باسی لەوەش کرد، "بابەتەکەی دیکە بریتییە لەوەی ئەمەریکا بێلایەن ڕەفتار ناکات لە پرسی فەڵەستین و تڕەمپیش بۆ پاراستنی گیانی خۆی ناتوانێت بێلایەنانە ڕەفتار بکات، ئەمەش ڕیشەی کێشەکەیە."
سەباح زەنگەنە گوتیشی "ئێران لە ساڵی 1948ەوە پشتگیریی فەڵەستینی کردووە و بۆچوونی خۆی لەبارەی کۆچکردنی جووەکان بۆ فەڵەستین ئەوە بووە کە کێشەی زۆر ئاڵۆز بەدوای خۆیدا دێنێت بۆ هەموو ناوچەکە، و تا ئێستاش ئێران پشتگیریی لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەڵەستین دەکات، بەڵام دەوڵەتێک کە بتوانێت بەردەوام بێت نەوەک وەک ڕامەڵڵا لەژێر فشاری ئەمریکا و ئیسرائیل بێت."
لەبارەی پێشنیازی ئێرانەوە، سەباح زەنگەنە ڕایگەیاند "پێشنیازی ئێران ڕوونە، یەکەم: بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوییە، دووەمیش: ڕاپرسییەکی گشتی بۆ هەموو دانیشتووان و هاووڵاتییانی فەڵەستین بکرێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی سنووردارکردنی ڕەفتارە لەخۆبایییەکانی ئیسرائیل و ئاشکرای دەکات کە دیموکراسییەت تاکە ڕێگەچارەیە بۆ پرسی فەڵەستین. ئەو ڕاپرسییە دەبێت لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکاندا بکرێت و بەو جۆرە عەرەب و موسڵمان و کریستیان و جوو و هەموو پێکهاتەکان لەژێر یەک دەسەڵاتدا دەبن و دەتواندرێت بارودۆخە مەرگەساتییەکەی غەززە کۆنتڕۆڵ بکرێت."