مەزهەر محەممەد: بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار هاوسەنگی بازار دەپارێزێت

راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار بۆ رێگریکردنە لە شۆکی ئابووری و وەک هەنگاوێکی خۆپارێزییە لە بەرانبەر قەیرانەکانی ناوچەکە و پاراستنی سەقامگیریی دارایی عێراقە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 08ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی بڕیاری بانکیی ناوەندیی فیدراڵ بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بە دیناری عێراق؛ بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، لە سایەی لێکەوتەی قەیرانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی رووبەڕووی عێراق دەبنەوە بەتایبەتی کاریگەریی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەسەر هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە، پێویست دەکات بە شێوازێکی خۆپارێزی و ورد مامەڵە لەگەڵ داهاتە نەوتییەکان و بودجەی گشتی و لێشاوی دراوی بیانی بکرێت.

راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، ئەو رێکارانەی دەگیرێنەبەر، بەتایبەت بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار، بە واتای تێکچوونی رەوشی ئابووری نایەت، بەڵکوو لە چوارچێوەی خۆپارێزیی پێشوەختە و پاراستنی سەقامگیریی ئابووری و دارایی و نەختینەییدایە بۆ خۆئامادەکردن لە ئەگەری هەر پێشهاتێکی کاریگەر لەسەر سەرچاوەکانی دەوڵەت یان توانای پاڵپشتیکردنی دارایی بازرگانیی دەرەکی و خەرجییە گشتییەکان.

هەروەها باسی لەوە کرد، سیاسەتی نەختینەیی کار دەکات بۆ بەڕێوەبردنی بازاڕی دراو و هێشتنەوەی نەرمی لە دابینکردنی دراوی بیانیدا بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامبوونی پاڵپشتیی دارایی بازرگانیی دەرەکی، هاوکات سیاسەتی دارایی وەک هاوسەنگکەرەوەیەکی سەقامگیری کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە پێشبینیکراوەکانی شۆکە دەرەکییەکان لە رێگەی بەڕێوەبردنی خەرجییە گشتییەکان و داهات و باج و کرێی گومرگی و پاڵپشتیی حکوومەت بە شێوەیەکی هاوسەنگ.

لەسەر پرسی رێکارە گومرگییەکان مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوە دا، رێکارە گومرگی و باجییەکان دەچنە چوارچێوەی سیستەمی خۆپارێزییەوە و بە شێوەیەکی زانستی بەکاردەهێنرێن، ئامانج لێیان زیادکردنی بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتییان یان بەرزبوونەوەی نرخەکان نییە، بەڵکوو بۆ رێکخستنی جووڵەی هاوردەکردن و بەهێزکردنی داهاتە گشتییەکان و رێنماییکردنی بەکارهێنانی دراوی بیانییە، بەبێ ئەوەی کاریگەرییە داراییەکانی ئەم رێکارانە بە تەواوی بۆ سەر بەکاربەر بگوازرێنەوە.

راوێژکارەکەی عەلی زەیدی ئەوەشی خستەڕوو، بودجەی گشتی ئامرازی گرنگی هەیە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی لە رێگەی بەردەوامبوونی خەرجییەکان بۆ خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، بەمەش سیاسەتی دارایی دەبێتە هێڵێکی پارێزەر لەبەردەم گواستنەوەی کاریگەریی شۆکە دەرەکییەکان بۆ سەر ئاستی بژێویی ژیان. بۆیە پاڵپشتیی حکوومەت لەم قۆناخەدا تەنیا ئەرکێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو ئامرازێکی ئابوورییە بۆ پاراستنی سەقامگیریی نرخەکان و خواست لە ناوخۆدا.

راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە، دەبێت رێکارە دارایی و گومرگی و باجییەکان وەک رێوشوێنی خۆپارێزی و پارێزەری ئابووری سەیر بکرێن بۆ بەهێزکردنی توانای دەوڵەت لە رووبەڕووبوونەوەی هەر پاشەکشەیەکی پێشبینیکراو لە داهاتە نەوتییەکان یان لێشاوی دراوی بیانی، هاوکات لەگەڵ پاراستنی توانای بودجەی گشتی و سەقامگیریی بازاڕی ناوخۆ.

راوێژکارەکە پەیامێکی ئاراستەی هاووڵاتییان و بازاڕ کرد و گوتی، ئەم رێکارانە ئامانجیان گۆڕانکاریی لەناکاو نییە لە نرخی ئاڵوگۆڕدا یان خستنەئەستۆی تێچووی قەیرانەکە بۆ سەر کۆمەڵگە، بەڵکوو ئامانجیان خۆپارێزی و دروستکردنی پەراوێزێکی ئاسایشی دارایی و نەختینەییە بۆ پێدانی توانای مامەڵەکردن بە ئابووریی عێراق لەگەڵ بارودۆخە نائاساییەکان. هێزی ئابووریش تەنیا بە قەبارەی سەرچاوەکانی ناپێورێت، بەڵکوو بە توانای بەڕێوەبردنی شۆکەکان دەپێورێت پێش روودانی کاریگەرییەکانیان. لەبەر ئەوە تەواوکاریی نێوان سیاسەتی نەختینەیی و دارایی گوزارشتە لە هاوکێشەیەکی پاراستن و سەقامگیری بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئابووریی عێراق و پاراستنی هاووڵاتییان لە رەنگدانەوەی هەر پشێوییەکی دەرەکی لە بازاڕەکانی نەوت یان بازرگانیی نێودەوڵەتیدا.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاری دا نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بگۆڕێت و نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێک بۆ هاووڵاتییان بە 1520 دینار دیاریبکات و لە ئەمڕۆوە کاری پێدەکرێت.