ترەمپ: پەیوەندییەکانی چین و ئەمەریکا زۆر بە بەهێزی دەمێننەوە

دوای کۆبوونەوەی شاندەکانی چین و ئەمەریکا لە ئیسپانیا، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکەیان زۆر بە باشی بەڕێوەچوو و پەیوەندییەکەیان زۆر بە بەهێزی دەمێنێتەوە، بۆیە هەفتەی داهاتوو پەیوەندی بە سەرۆکی چین دەکەم.

دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: کۆبوونەوە بازرگانی لە نێوان ئەمەریکا و چین لە ئەورووپا زۆر بە باشی بەڕێوەچوو. ئاماژەشی دا، ڕێککەوتنێک لەسەر کۆمپانیایەکی "دیاریکراو" کراوە کە گەنجانی ئەمەریکا دەیانویست ڕزگاری بکرێت.

هەروەها نووسیویەتی: ڕۆژی هەینی داهاتوو 19ـی ئەیلوولی 2025، بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین دەکەم؛ جەختیشی کردووەتەوە پەیوەندییە چین و ئەمەریکا زۆر بە بەهێزی دەمێنێتەوە.

هاوکات سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا دوای کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا لە مەدرید ڕایگەیاند، ئەمەریکا و چین گەیشتوونەتە "چوارچێوەیەک" بۆ ڕێککەوتن لەسەر یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانیان لەبارەی خاوەن دارییەتی تیک تۆک.

ئاماژەشی دا، تاوەکوو وڵاتانی ئەورووپا سزا بەسەر چین و هیندستان بۆ کڕینی نەوتی ڕووسیا نەسەپێنن، ئەوان هیچ هەنگاوێک نانێن.

دوێنێ یەکشەممە 14ی ئەیلوولی 2025، شاندەکانی چین و ئەمەریکا لە مەدرید لە ئیسپانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە ئابووری و بازرگانی نێوانیان کۆبوونەوە. ئاژانسی هەواڵی فەرمی چینی (شینوا) لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەی بڵاوی کردبووە، شاندی چین تاوەکوو ڕۆژی چوارشەممە لە مەدرید دەمێننەوە. پێشتر هەر دوو لا پشتڕاستیان کردەوە کە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا و بەرپرسانی باڵای چین، لەنێویاندا هێ لیفێنگ، جێگری سەرۆک وەزیران، لە کۆبوونەوەکانیان پرسی ئابووری و بازرگانی لە نێویاندا بابەتی فرۆشتنی تیکتۆک باس دەکرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment