وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق گه‌نده‌ڵییه شهرمهێنهكانی پۆلیسی هاتوچۆ پشتڕاست ده‌كاته‌وه

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق گه‌نده‌ڵی مه‌فره‌زه‌یه‌كی پۆلیسی هاتوچۆ پشتڕاست ده‌كاته‌وه، كه دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر به یه‌ك سندووقه شه‌ربه‌ت، غه‌رامه‌ی یه‌كێك له شۆفێره بارهه‌ڵگره‌كانی سڕیبووه‌وه؛ مایه‌ی سه‌رنجه میدیای فه‌رمی عێراق، ڕاگه‌یه‌نراوی وه‌زاره‌تی ناوخۆی له‌م باره‌وه بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه.
دووشه‌ممه، 15ـی ئه‌یلوولی 2025، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه و تێیدا نه‌یشارده‌وه، مه‌فره‌زه‌یه‌كی پۆلیسی هاتوچۆ ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردوو، 13ـی ئهیلوول، به ئاشكرا و له‌سه‌ر شه‌قامێكی به‌غدا و به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه، به‌رتیل وه‌رده‌گرن و له به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنی سندووقێك شه‌ربه‌ت، پسووله‌ی غه‌رامه‌ی شۆفێرێكی بارهه‌ڵگر ده‌سڕنه‌وه.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق له به‌رانبه‌ر ئه‌و ڕه‌فتاره نایاسایی و شهرمهێنهدا، كه به ئاشكرا و به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه پۆلیسی هاتوچۆ ئه‌نجامیان داوه و به‌رتیلیان وه‌رگرتووه، ناچار بووه، سزای هه‌ر یه‌ك له ئه‌فسه‌ری ڕێگه‌پێدراو (فوئاد عه‌لی حوسێن عه‌لی) و ئه‌فسه‌ری ڕێگه‌پێدراو (قه‌یسه‌ر جومعه كازم حه‌سه‌ن) بدات و كه یه‌كه‌میان بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ زیندانی ده‌كرێت و بڕی ملیۆنێك و 100 هه‌زار دیناریش غه‌رامه ده‌كرێت، هه‌روه‌ها دووه‌میان ماوه‌ی شه‌ش مانگ زیندانی ده‌كرێت.
یه‌كشه‌ممه، 14ـی ئه‌یلوولی 2025، گرته‌ڤیدیۆیه‌ك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرایه‌وه، كه تێیدا ده‌ركه‌وتووه، مه‌فره‌زه‌یه‌كی پۆلیسی هاتوچۆ له شه‌قامێكی به‌غدا، شۆفێری ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگر ناچار ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی سزای نه‌ده‌ن، به‌رتیلیان پێ بدات.
وه‌كوو له گرتهڤیدۆكهدا ده‌ركه‌وتووه، بارهه‌ڵگره‌كه سندووقی شه‌ربه‌ت و خواردنه‌وه گازییه‌كانی باركردووه و ئۆتۆمبێلێكی پۆلیسی هاتوچۆش له به‌رده‌می وه‌ستاوه و ڕێگه‌ی ڕۆیشتنی پێ نادات و ساڵیانه‌كه‌ی لێ وه‌رده‌گرن، بۆیه شۆفێره‌كه له پێناو ده‌رچوون و گه‌یشتنی به شوێنی مه‌به‌ست، سندووقێك شه‌ربه‌ت كه نرخه‌كه‌ی ته‌نیا شه‌ش هه‌زار دیناره، به مه‌فره‌زه‌كه‌ی پۆلیسی هاتوچۆ ده‌دات و دواتر پسووله‌ی سزاپێژاردنهكهیان لێ وه‌رده‌گرێت و به ئاشكرا ده‌یدڕێنێت.
گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل له عێراق بابه‌تێكی شاراوه نییه، به‌ڵكوو بووه‌ته به‌شێك له ڕۆتیناتی ڕۆژانه‌ی ژیانی ئیداره‌ی داموده‌زگه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ناچاركردنی هاووڵاتییان به‌و سیسته‌مه گه‌نده‌ڵه‌ی له دوای ساڵی 2003ـوه سیاسییه‌كانی عێراق له‌سه‌ری ده‌ڕۆن و په‌ره‌ی پێ ده‌ده‌ن.
گرته ڤیدیۆیه‌ك كه شۆفێرێك به ئاشكرا و له‌سه‌ر شه‌قام و به به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه بڕی پێنج هه‌زار دینار وه‌كوو به‌رتیل به كارمه‌ندێكی پۆلیسی هاتوچۆ ده‌دات، شه‌ممه 13ـی ئه‌یلوولی 2025، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو كرایه‌وه و عێراقییه‌كان له‌ناو خۆیاندا ده‌ستاوده‌ستیان پێ كرد و بووه بابه‌تی ڕۆژ و جه‌ختیشیان كرده‌وه، حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی ناوخۆ له ئاست ئه‌و جۆره گه‌نده‌ڵییانه بێهه‌ڵوێستن و هیچ بڕیارێكی به كرده‌یی ناكه‌ن و ناتوانن سزای بكه‌رانی بده‌ن.