وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ رێگه‌ به‌ هاورده‌كردنی به‌رهه‌می ته‌ماته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌دات

رێكه‌وتی جێبه‌جیكردنی بڕیاره‌كه‌شی راگه‌یاند

K24- هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێگه‌ به‌ هاورده‌كردنی به‌رهه‌می ته‌ماته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌دات.

له‌ نووسراوێكدا كه‌ واژۆی بێگه‌رد تاڵه‌بانی، وه‌زیری كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ و ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی گومرگ له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێم كراوه‌، بڕیاردرا، كه‌ رێگه‌ به‌ هاورده‌كردنی به‌رهه‌می ته‌ماته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بدرێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، بڕیاری هاورده‌كردنی به‌رهه‌می ته‌ماته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێكه‌وتی 15ی ئه‌م مانگه‌وه‌ به‌پێی یاسای و رێنماییه‌كانی كه‌ره‌نتینی كشتوكاڵ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردن.

هاوكات له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، وه‌زیری كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه‌، بە رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی و رێگه‌گرتن له‌ بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بڕیارماندا لە رۆژی پێنج شەممە 2020/10/15ـه‌وه‌ رێگە بە هاوردەکردنی تەماتە بده‌ین.

H.B