بەرزبوونەوەی باجی گومرگ و ناجێگیریی دۆلار بازاڕی ئۆتۆمبێلی لە ئەنبار وەستاندووە

بازاڕی ئۆتۆمبێل لە پارێزگای ئەنبار تووشی سستبوونێکی بێ پێشینە بووە و جووڵەی کڕین و فرۆشتن تێیدا نزیک بووەتەوە لە وەستانی تەواو. خاوەن پێشانگاکان و هاووڵاتییان هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە بۆ ناجێگیریی بەهای دۆلار و بەرزبوونەوەی باجی گومرگ لەسەر ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو بەتایبەت لەسەر سنووری عێراق و ئوردن دەگەڕێننەوە.

خاوەن پێشانگایەکی ئۆتۆمبێل بە کوردستان24ی گوت: "هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێل دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باجە گومرگییەی دەخرێتە سەر ئۆتۆمبێلەکان لە کاتی هاوردەکردندا. ئەمەش وای کردووە قەیران دروست ببێت و بازاڕ بوەستێت."

هەروەها هاووڵاتییان نیگەرانن لەم بەرزبوونەوەی نرخە. هاووڵاتییەک دەڵێت: "هەموو جووڵەیەک بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل وەستاوە چونکە خاوەن پێشانگاکان دەڵێن گومرگ زۆر چووەتە سەری. داوا دەکەین گومرگ کەم بکرێتەوە چونکە ئێمە هەژارین و ناتوانین بەم نرخە گرانە بیکڕین." هاووڵاتییەکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات، کە چاودێری لەسەر بازاڕ نییە و داوا دەکات مافی هاووڵاتی پارێزراو بێت.

ئەم دۆخە وای کردووە کڕینی ئۆتۆمبێل، کە یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکان، بۆ زۆرێک لە هاووڵاتییان ببێتە خەونێکی بەدینەهاتوو. خاوەن پێشانگاکان و هاووڵاتییان داوا لە حکوومەت دەکەن کە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی باجی گومرگ و چاودێریکردنی بازاڕەوە دەستوەردان بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە.

 
Fly Erbil Advertisment